كازمی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ راوێژكاری ئەڵمانیا پەیوەندیەكانی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێكرد

سیاسی
  • 10-02-2022, 16:30
  • +A -A

    بەغداد ـ INA
    مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران پیرۆزبایی لە ئۆلاف شۆڵتز راوێژكاری ئەڵمانیا کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونییەوەو دووپاتیكردەوە: كە بازاڕی عێراقی پێشوازی لە کۆمپانیا و وەبەرهێنانی ئەڵمانی دەكات. 
    نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوە، دەڵێت: كازمی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئۆلاف شۆڵتز پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوولایان تاوتوێکردو پیرۆزبایی لێکرد بەبۆنەی دەست بەكاربونیەوە وەك راوێژكاری ئەڵمانیا، هیواشی خواست پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەرەوپێشەوە بچن.
    كازمی گرنگی ڕۆڵی ئەڵمانیای رونكردەوە لەبەشداریکردن لەجەنگی دژی تیرۆر، کەعێراق لەبەری پێشەوەی ئەو جەنگدایەو هەروەك تەئكیدی لە گرنگی هاوكاری و هەماهەنگی هەردولا لە بواری ئەمنی و هەواڵگری بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆر كردەوە.
    هەر لە گفتوگۆ تەلەفۆنییەكەدا جەخت لەسەر گرنگی وەبەرهێنان و خواستی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان بۆ بەشداریكردن لەدروستکردنی ژێرخانی ئابووری عێراق كرایەوەو سەرۆک وەزیرانی عێراقیش تەئكیدی لە پێشوازی بازاڕی عێراقی بۆ کۆمپانیا و وەبەرهێنانی ئەڵمانی كردەوە.
    هەروەها باس لە بارودۆخی کۆچبەرانی عێراق و ئەو ڕێوشوێنانەی کەبۆ پاراستنی ئاسایش و سەلامەتییان گیراوەتەبەر كرا، و هاوکات ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕۆڵی گەشەسەندووی عێراقی بەرزنرخاند لەناوچەكەدا لە رووی لەنزیککردنەوەی بۆچوونەکان و هێوربوونەوەی بارودۆخەكە.
    هەروەك راوێژكاری ئەڵمانیا پێشوازی لە هەوڵەکانی عێراق کرد لەبوارەکانی چاکسازی ئابووری و هەنگاوە ئیجابییەکانی حکومەت لەسەر ڕێبازی چاکسازی و وتیشی: ئەمە چانسی هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات زیاتر دەکات.