كوتلەی پارتی وادەی یەکلاکردنەوەی داواكەی سەر زێباری دیاریدەكات

سیاسی
  • 8-02-2022, 12:36
  • +A -A

    بەغداد ـ INA

    كوتلەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق وادەی یەکلاکردنەوەی داواكەی سەر هۆشیار زێباری كاندیی سەرۆكایەتی كۆمار دیاریکرد.
    ڤیان سەبری سەرۆکی كوتلەكە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی راگەیاند: کوتلەی پارتی ڕێز لە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەگرێت  تایبەت بە هەڵپەساردنی کاتی بۆ کاندیدەکەمان هۆشیار زێباری، وتیشی: زێباری هێشتا تاکە کاندیدی ئێمەیە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار. 
    ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: دۆسیەكەی زێباری لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا بڕیاری لەسەر دەدرێت، چونکە هیچ ناکۆکی و گومانێکی یاسایی لەسەر کاندیدەكەی ئێمە بۆ سەرۆکایەتی كۆمار نیە.
    رونیشیكردەوە: ‎دۆسیەی دژ بە هۆشیار زێباری کاندیدەمان بۆ سەرۆكایەتی كۆمار كارێكی بەدكاریە، و لە ڕۆژانی داهاتووشدا دۆسیەکە چارەسەر دەکرێت و فەرمانی دەوڵەت تۆمار دەکرێت و زێباریش دەگەڕێتەوە بۆ پێشبڕکێی سەرۆکایەتی كۆمار.
    هاوكات حەسەن فەدعەم پەرلەمانتاری پێشووی رەوتی حیکمە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی راگەیاند: کوتلە سیاسییەکان لە دیاریكردنی سەرۆک کۆماردا بەشداری گفتووگۆیان نەكردوە، بڕیاری دادگاش بڕیارێکی گرنگ بوو کە لایەنێکی سیاسی و لایەنێکی یاسایی تێدابوو
    وتیشی: ئەو تێبینیانەی لەسەر هۆشیار زێباری هەبوو راستە، و پێم وایە دادگا بەو ئاراستەیە دەجوڵێتەوە بۆ دوورخستنەوەی بەتەواوی لە كاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.
    رونیشیكردەوە: چوارچێوەی هەماهەنگی یەك بڕیاری هەیە یان هەمویان بەشداری دەكەن یان بە تەواوی دەبن بە ئۆپۆزسیۆن، جگە لە رەوتی حیكمە كە بڕیاریداوە بەهیچ شێوەیەك بەشداری لە حکومەتدا ناكات، بەڵام پرسی بوون بە ئۆپۆزسیۆن یان بەشداریكردن پەیوەندی بە بڕیاری چوارچێوەی هەماهەنگییەوە هەیە.
    ڕۆژی یەکشەممەی رابردوو دادگای فیدراڵی بڕیاریدا هەڵبژاردنی هۆشیار زێباری بۆ سەرۆکایەتی بە شێوەیەکی کاتی ڕابگیرێت.
    دادگاکە لە بەیاننامەیەکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نارد، ڕایگەیاند: دادگا بڕیاریداوە پرۆسەی هەڵبژاردنی (هۆشیار مەحمود محەمەد زێباری) بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بە شێوەیەکی کاتی رابگیرێت تا ئەو کاتەی دۆسیەکە یەكلایی دەكرێتەوە.