بەغداد ـ INA
حاكم زاملی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی جەختیان لەسەر پێویستی پاراستنی سنوورەکان و زیادکردنی گورزی ئاسمانی بۆ سەر تیرۆریستانی داعش کردەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوە، دەڵێت: حاكم زاملی ئەمڕۆ یەك شەممە پێشوازیكرد لە قاسم ئەعرەجی و وەفدێكی هاوڕێی.
لەو دیدارەدا حاكم زاملی رایگەیاند: پێویستە سەرنج بخەینە سەر پاراستنی سنووری عێراق بەتایبەتی لەگەڵ سوریای دراوسێ و زیادکردنی هێرشە ئاسمانییەكان بۆ سەر تیرۆریستانی داعش و چالاککردنی هەوڵە هەواڵگرییەکان و هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری نیشتمانی، وتیشی: پاراستنی سنوورەکان و کۆنترۆڵکردنی دەروازەكان کاریگەری پۆزەتیفی دەبێت لەسەر پتەوکردنی واقیعی ئەمنی و کەمکردنەوەی تیرۆر و ماددە هۆشبەرەکان و قاچاخچێتی کاڵای نایاسایی.
سەبارەت بەبارودۆخی ئەمنی چەند پارێزگایەک و بەئامانجگرتنی دادوەران و بەردەوامی شەپۆلی تیرۆر، زاملی ڕوونیکردەوە: ئەو جۆرە ڕووداوانە پێویستی بەئامادەبونی سەرکردە بوێرەکان هەیە و پێویستە لێپرسینەوە لەوانەش بكرێت كە كەمتەرخەمن، وتیشی: پێویستە ئاسایشی دادوەری بەهێز بکەین کە ناوکی سەرەکی پاراستنی یاسا و پاراستنی هاوڵاتیانە.