بەغدا_(INA)
فدراسیۆنی تۆپی پێی ئەمڕۆ چوارشەممە بڕیاریدا کە ڕاهێنەری زێلکۆ پێترۆڤیچ لە ئەرکی ڕاهێنەرایەتی كردنی تیمی هەڵبژاردەی یەكەمی عێراق دوربخرێتەوە.
لە بەیاننامەیەكی فیدراسیۆن کەدەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) کەوتووە ڕایگەیاند: "نوسینگەی جێبەجێکاری فیدراسیۆن بە سەرۆکایەتی عەدنان دەرجال جێگری یەکەمی سەرۆکی فیدراسیۆن عەلی جەبار جێگری دوەمی یونس مەحمود و ئەندامانی لایەنی جێبەجێكار کۆبونەوەو چەند بڕیارێکیان دەركرد.
فیدراسیۆنەکە ئاماژە بەوە دەکات کە بڕیارەکان بریتی بون لە دورخستنەوەی ڕاهێنەری هەڵبژاردەكە (پێترۆڤیچ) دوای گفتوگۆی فراوان لەسەر ئەنجامە نەرێنییەکانی تیمەکە لە پاڵاوتنەكانی ئاسیا بۆ گەیشتن مۆندیالی 2022.
"ئەرکی ڕاهێنەرایەتی کردنی تیمی نەتەوەیی دەدرێتە ڕاهێنەرێکی ناوخۆیی کە هەفتەی داهاتو ناوەكەی ئاشكرا دەكرێت".
فیدراسیۆن لەبڕیارەکانیدا ئەوەشی ڕاگەیاند" پێکهێنانی لیژنەیەکی بەئەزمون و لێهاتو کەپێکهاتبو لەگروپێکی ئەکادیمی و ڕاهێنەرو یاریزانی پێشو بۆ پەرەپێدانی پلانی ستراتیژی بەمەبەستی باشترکردنی ئاستی تیپە نیشتمانییەکان".
ئەنجامەکانی هەڵبژاردەی عێراق بەم دواییانە لەپاڵاوتەکانی مۆندیالی قەتەردا لە ئاستێكی خراپدایەو لە ئێستادا ڕیزبەندی پێنجەمی كۆمەڵەكەی خۆی گرتوەو هیوای گەیشتنی بە مۆندیال زۆر لاواز بوە.