بەرهەم ساڵح كاندیدبوونی خۆی بۆ سەرۆكایەتی كۆمار راگەیاند

سیاسی
  • 1-02-2022, 15:50
  • +A -A

    بەغداد ـ INA
     بەرھەم ساڵح سەرۆك كۆمار پەیامێک ئاڕاستەی گەلی عێراق و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات، سەبارەت بە کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.
    سەرۆك كۆمار لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوە، دەڵێت: پێویسته‌ سه‌رۆك كۆمار ره‌مزی یه‌كڕيزى و شکۆمەندی وڵات و پارێزه‌ری ده‌ستوور بێت، سه‌رۆكی هه‌موو عێراقییه‌كان بێت، سه‌رۆكێكی راسته‌قینه‌ بێت نەک ژێردەست بێ.
    ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەی سەرۆك كۆماری عێراقە:


    بسم الله الرحمن الرحيم 
    وَقُلِ اعْمَلُوا فَسَيَرَى اللَّهُ عَمَلَكُمْ وَرَسُولُهُ وَالْمُؤْمِنُونَ
    صدق الله العظيم


    ھاووڵاتیانی ئازیز..


    خوشك و برایانی به‌رێز؛ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران..


    له‌م ساته‌ هه‌ستیاره‌ مێژووییه‌دا کە وڵاتەکەمان بەناو دووانەی دەرفەت و دژواریدا تێده‌په‌ڕێت، كاندیدبوونی خۆمتان بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار پێڕاده‌گه‌یه‌نم، بە روونیش لەوە تێدەگەم كه‌ لە ئه‌ستۆگرتنی ئه‌م ئه‌ركه‌‌، شه‌ره‌فێكی مه‌زن‌ و به‌رپرسیارییه‌تییه‌كی گه‌وره‌یه‌. 


    ویژدانم ئاسودەیه‌ كه‌ له‌ئه‌نجامدانی ئه‌و ئه‌ركانه‌ی له‌ ساڵانی رابردوودا له‌سه‌ر شانم بوون، هه‌میشه‌ به‌رژه‌وه‌ندی گەلەکەمم له‌به‌رچاو گرتووه، ئه‌و ئه‌ركانه‌ی هه‌موو ھاونیشتیما‌نیان به‌ عه‌ره‌ب و كورد و توركمان و مه‌سیحی و شه‌به‌ك و ئێزدی و سائیبی كار بۆ سه‌رخستنی ده‌كه‌ن‌... ھەردەم ئامانجمان هێنانه‌كایه‌ی دادپه‌روه‌ری بووه‌ بۆ هه‌موو رۆڵەکانی گەل، لە سۆنگەی وڵاتێکی به‌هێزی خاوه‌ن توانا، وڵاتێک؛ كه‌ رێز له‌ ھاونیشتیمانییە‌كانی بگرێت و بتوانێت به‌رجه‌سته‌ی پێگه و رۆڵه‌ مێژووییه‌ شیاوه‌كه‌ی جارانی له‌ جیهان و ناوچه‌كه‌دا بكاتەوە، به‌ دڵنیایشه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م رێچكه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بین و هه‌رگیزا و هه‌رگیز لێی لاناده‌ین.


    به‌ڕێزان ئه‌ندامانی په‌رله‌مان...


    ئێوە ھەڵبژاردەی گەلن لەپڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنێکی پێشوه‌ختەدا‌، ئه‌م ئه‌ركه‌شمان وه‌ك وەڵامدانه‌وه‌ی داواكارییه‌كانی شه‌قام و گه‌نج و لاوه‌كانمان ئه‌نجامدا، كه‌ هه‌ستیان به‌ بوونی سته‌مكاری دەکرد و‌ بنیاتنانی حوكمڕانییه‌كی ته‌ندروستیان بە پێویستییه‌كی هه‌نووكه‌یی دەزانی، حوکمڕانیەک؛ كه‌ له‌ ئیراده‌ی گەلەوه‌ سه‌رچاوه‌ بگرێت و هیچ کۆتوبەند‌ و راسپارده‌ و ده‌ستتێوه‌ردانێكی ئه‌م و ئه‌وی تێدا نه‌بێت و گه‌ل خۆی سه‌روەر و خۆی بێت.


    بەدڵنیاییەوە گه‌نج و لاوه‌كانمان له‌ به‌سڕه‌ و ناسڕییه‌ و نه‌جه‌ف و بەغدا و سلێمانی و هه‌ولێر و موسڵ و ئەنبار و کەرکوک و دیوانیە و دھۆک و دیالە و شه‌نگال، خاوه‌ن یه‌ك هیوا و ئاوات و خولیای هاوبه‌شن، كه ئەویش‌ ده‌سته‌به‌ركردنی‌‌ ژیانێكی شكۆمه‌ندانه‌ی ئازاده.‌ کەواتە لەم ھەلومەرجە دژوارەدا کە نیشتیمانەکەمانی پیادا تێدەپەڕێت و گەلەکەمان لەسەرانسەری وڵات چاوەڕوانی بەدیھاتنی داخوازیەکانیەتی، لەم پێناوەدا بەرپرسیارێتیەکی مێژویی و کاری لێبڕاوانەمان لەسەر شانە... ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانیش واچاوەڕوانی لێدەکرێت، کە پەرلەمانێکی ئازاد و نمونەیی و راستەقینە بێت، پەرلەمانێک دەربڕی ئیرادەی گەل و بەدیھێنەری داخوازی و چاوەڕوانییە رەواکانی رۆڵەکانی نیشتمان بێت.‏


    له‌م ساته‌وه‌خته‌ سەختانەدا کەهێزه‌ چه‌كداره‌ قاره‌مانه‌كانمان له‌ سوپا و پۆلیس و حه‌شدی شه‌عبی و پێشمه‌رگه نه‌به‌ردانه‌ به‌رده‌وامن له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌رك و ھەڵمەتەکانی ریشه‌كێشكردنی شانه‌ نوستووەکانی‌ تیرۆرستان، كه‌ ده‌یانه‌وێت ئه‌من و ئاسایشی گه‌ل و وڵاته‌كه‌مان بخه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌، لەیەک کاتدا لەبەردەم كۆمه‌ڵێك بەربەست و بەدەستھێنانی دەسکەوت و چاوەڕوانی شایستەی جۆراوجۆرداین، كه‌ ناكرێت نادیده‌یان بگرین و ناشبێت دوایان بخه‌ین، لەم رووەوە پێویسته‌ كه‌موكوڕیییه‌ بنچینەییه‌كانی كۆی سیسته‌می حوكمڕانی چاره‌سه‌ر بكه‌ین، بە ئاراستەی بەدیھێنانی گریبه‌ستێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی نوێ،‌ كه‌ پایه‌كانی حوكمڕانییه‌كی باش پته‌وتر بكات، بۆئەوەی ده‌وڵه‌تێك بنیات بنێین، کە خاوه‌ن سه‌روه‌ری ته‌واوی خۆی بێت و بتوانێت مافی سەرجەم هاووڵاتییانی بپارێزێت و سه‌روره‌ی یاسا بسه‌پێنێت و کۆنتڕۆڵی چه‌ك تەنھا له‌ده‌ستی خۆیدا بێت.


    پێویسته‌ قۆناغی ئاینده‌ قۆناغی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌نده‌ ده‌ستوورییانه‌ بێت كه‌ به‌ ئه‌زموونی كار ده‌ركه‌وتووه‌ هۆكاری ته‌نگژه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی وڵاتن، وه‌ك به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنێكیش بۆ داواكارییه‌كانی شه‌قام و رێزگرتن له‌ كۆده‌نگی نیشتمانی، سه‌رۆكایه‌تی كۆمار لیژنه‌یه‌كی له‌ شاره‌زایانی ده‌ستووری له‌سه‌رجه‌م پارێزگاكان پێكهێنا، دواتریش نه‌خشه‌ڕێگایه‌كی سه‌راپاگیرمان سه‌باره‌ت به‌و‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ ده‌ستوورییانه‌ ئاماده‌كرد، كه‌ بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی له‌سه‌ر یه‌كڕیزی و ته‌بایی نیشتمانی به‌نده و کاریش دەکەین بۆ تێپەڕاندن و سەرخستنی‌.


    لێرەدا بێگومان گه‌نده‌ڵیش بەڵایە‌كی دیكه‌ی مه‌ترسیداره،‌ كه‌ پێویسته‌ یه‌كده‌ست و یه‌كده‌نگ به‌ره‌نگاری ببینه‌وه‌، ئه‌م ئافاته‌ مه‌ترسیداره،‌ به‌ به‌رده‌وامی خۆی نوێ ده‌كاته‌وه‌، هه‌ر به‌و سامان و پاره‌ی به‌تاڵان بردوویه‌تی، ده‌یه‌وێت ئیراده‌ی‌ گەلەکە‌مان بشكێنێت و لاوازی بكات، بۆیه‌ ده‌بێت بێ دوودڵی به‌ ویستێكی پۆڵاینه‌وه‌ رووبه‌ڕووی ببینه‌وه‌. لەڕاستیدا جه‌نگ لەدژی گەندەڵی، جه‌نگێكی نیشتمانییه‌ و بێ سه‌ركه‌وتنیش تیایدا دۆخی وڵات پێشکەوتن و پەرەسەندن بەخۆیەوە نابینێت، پێویسته‌ له‌و شەڕەدا سه‌رچاوه‌كانی گه‌نده‌ڵی وشك و بنەبڕ بكه‌ین و پاره‌ به‌تاڵانبراوه‌كانیش بگێڕینه‌وه‌. له‌و پێناوه‌شدا پڕۆژه‌یاسای "گێڕانه‌وه‌ی پاره‌ به‌تاڵانبراوه‌كانی گه‌نده‌ڵی و داهاته‌كانی" مان پێشكه‌شی په‌رله‌مان كردووه‌ كه‌ رێوشوێنی هه‌نووكه‌یی و كرداری تووندوتۆڵی له‌خۆگرتووه‌، له‌ ئاینده‌شدا رێوشوێنی دیكه‌ی به‌دوادا دێن، كه‌ له‌توانایان دایه‌ پاره‌ به‌تاڵانبراوه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات بگێڕنه‌وه‌ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت، به‌ پاڵپشتی ئه‌م په‌رله‌مانه‌ به‌ڕێزه‌ش ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه‌ په‌سه‌ند ده‌كه‌ین و میكانیزمه‌كانی ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ. 


    ئه‌و جه‌نگه‌ی دژ به‌ گه‌نده‌ڵی ده‌ستمان داوه‌تێ، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ پێویستی‌ خۆده‌ربازكردنی وڵاته‌كه‌مان له‌ سیسته‌می ئابووری به‌رخۆر و پاراستنی دیجله‌ و فوڕات و ده‌رامه‌ته‌ سروشتییه‌كان و ژینگه‌كه‌شمان، له‌م پێناوه‌شدا "پڕۆژه‌یاسای  بوژاندنه‌وه‌ی وادی ڕ‌افیده‌ین" مان پێشكه‌شی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردووه‌ و پلانمانه‌ بیكه‌ینه‌ ستراتیژێكی نیشتمانی، به‌ئامانجی‌ بوژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری وڵاته‌كه‌مان.


    به‌ڕێزان ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران...


    پێویسته‌ سه‌رۆك كۆمار ڕه‌مزی یه‌كڕیزی و شكۆمه‌ندی وڵات و پارێزه‌ری ده‌ستوور بێت، سه‌رۆكی هه‌موو عێراقییه‌كان بێت، سه‌رۆكێكی ڕاسته‌قینه‌ بێت نه‌ك ژێرده‌ست بێ، ئه‌م نیشتیمانه‌ كه‌ خاكی ڕافیده‌ین و چیاكانی كوردستان و شارستانیه‌تی ئور و سۆمه‌ر بابل و ئاشوره‌.. خاكی پێغه‌مبه‌ران و چاكه‌خوازان و مه‌رجه‌عیه‌ته‌ به‌ڕێزه‌كانه‌ شایه‌نی سه‌رۆكێكی شایسته‌یه‌.


    هه‌روه‌ك ده‌مناسن و ناسیوتانم و ئاشنای كار و چالاكییه‌كانمن، به‌ هه‌موو هێز و توانای خۆمه‌وه‌ و به‌ پشتیوانی دڵسۆز و خه‌مخۆرانی وڵات، له‌ سۆنگه‌ی دیدێكی نیشتمانییه‌وه‌ ئه‌ركه‌كانی خۆم ئه‌نجامداوه‌‌، وێڕی ئاسته‌نگ و به‌ربه‌سته جۆراوجۆره‌‌كان، له‌سایه‌ی ھیچ بارودۆخێكدا ڕێگه‌م نه‌داوه‌ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار بكه‌وێته‌ خزمه‌ت ئه‌جێندایه‌كی نانیشتمانی، له‌ ئان و ساته‌ هه‌ره‌ سه‌خت و دژواره‌كاندا، هه‌وڵمداوه‌ وڵاته‌كه‌مان له‌ گێژاوی ململانێی خوێناوی ناوخۆیی ده‌رباز بكه‌م، دوای ساڵانێكی دوور و درێژی حوكمڕانی له‌م وڵاته‌دا، ھه‌ستم به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ ئه‌م گه‌له‌ خاوه‌ن حوكمڕانییه‌كی باش بێت و له‌ ئاشتی و ئارامیدا بژیت، حوكمڕانییه‌ك كه‌ پایه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی له‌سه‌ر بڕیاری نیشتمانی سه‌ربه‌خۆ بنیات بنرێت.


    من له‌ چیا سه‌ركه‌شه‌كانی كوردستان، له‌ سه‌ماوه‌ و كه‌ربه‌لا و سه‌لاحه‌دین و بابل و واست و عماره‌ و ھه‌ڵه‌بجه‌وه‌ ھاتووم، ده‌مه‌وێت دووباره‌ شه‌ره‌فی ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تییه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرم، ھه‌روه‌ك چۆن له‌ خولی ڕابردوو به‌ بڕیارێكی سه‌ربه‌خۆی نیشتمانی ئه‌و شه‌ره‌فه‌م پێبڕا و ئه‌ركی سه‌رۆكایه‌تی كۆمارم گرته‌ده‌ست، باوه‌ڕی ته‌واویشم به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ عێراقێكی فیدڕاڵی و یه‌كڕیزی ده‌ستووری، تاكه‌ ڕێگای بنیاتنانی وڵاته‌كه‌مانه‌، به‌غدای پایته‌ختیش هه‌موومان كۆده‌كاته‌وه‌، هه‌ر له‌ به‌غداشه‌وه‌ ده‌توانین سه‌رجه‌م كێشه‌ و گیروگرفته‌كانمان یه‌كلایی بكه‌ینه‌وه‌... چونكه له‌ڕاستیدا‌ به‌هێزی به‌غدای پایته‌خت، به‌هێزی به‌سڕه‌ و ئه‌نبار و موسڵ و كوردستانیشه‌.‌ 
    ئێمه‌ سه‌ركه‌وتوو بووین له‌ تێپه‌ڕاندنی زۆرێك له گرێكوێره‌ و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌ممان، عێراقمان له‌ وڵاتی مه‌ڵبه‌ندی كێشه‌ و ململانێكانه‌وه‌‌ كرده‌ خاڵی به‌یه‌كگه‌یشتنی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌‌، له‌سه‌ر ئه‌م ڕه‌وته‌ش به‌رده‌وام ده‌بین، هه‌روه‌ك به‌ڵێنم داوه‌ و خۆشتان ده‌مناسن، له‌گه‌ڵ  خوداو خۆم و گه‌له‌كه‌م ڕاستگۆ ده‌بم، به‌ هه‌موو هێز و تواناشمه‌وه‌ كار بۆ بنیاتنانی ده‌وڵه‌تێكی به‌هێزی سه‌قامگیری خاوه‌ن توانا و دادپه‌وه‌ر ده‌كه‌م. 
    سه‌ری ڕێز و نه‌وازش بۆ سه‌رجه‌م شه‌هیدانی وڵات داده‌نه‌وێنم كه‌ له‌ پێناو ئازادی و دیموكراسی و شكۆداری و به‌رگریكردن له‌ نیشتمان گیانی خۆیان به‌خشی.
    په‌روه‌ردگاری مه‌زن عێراق و گه‌له‌كه‌مان له‌ هه‌موو به‌ڵا و ناخۆشییه‌ك بپارێزێت.
    دووباره‌ سڵاو و ڕێزم قبوڵ بفه‌رموون.