بەغداد ـ INA
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند: داهاتی هەناردەکردنی نەوت بۆ مانگی کانوونی دووەمی رابردوو زیاتر لە 8 ملیار دۆلار بووە.
نوسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی نەوت لەبەیاننامەیەكدا کە كۆپیەكی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوە، ڕایگەیاند: بەپێی ئاماری کۆتایی کۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، لە مانگی كانونی دووەمی رابردوو بڕی هەناردەکردنی نەوتی خاو (99) ملیۆن و (286) هەزار و (78) بەرمیل بوە، بە داهاتی 8.27 ملیار دۆلار.
ئاشكراشیكردوە: کۆی گشتی نەوتی خاوی هەناردەکراو بۆ مانگی کانوونی دووەم لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بڕی 96 ملیۆن و 430 هەزار و (596) بەرمیل بووە، هەروەها هەناردەی نەوتی کەرکوک لەڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیەوە 2 ملیۆن و 545 هەزار و 656 بەرمیل بووە.
وەزارەتی نەوت رونیشیكردەوە: تێكڕای هەناردەی رۆژانە 3 ملیۆن و 203 هەزار بەرمیل بوە، هەروەك تێکڕای نرخ بۆ هەر بەرمیلێک 83 دۆلار و 246 سەنت بوە.