بەدواداچون ـ INA
وەزیرانی دەرەوەی چین و ئەمریكا لە پەیوەندیەكی تەلەفۆنیدا هەڕەشەكانی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا و كاریگەرییەكانی بۆ سەر جیهان تاوتوێ دەكەن.
وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند: چین وانگ یی وەزیری دەرەوە لە پەیوەندییە تەلە فۆنیەكەیدا بە ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكای وتوە: داوا لەسەرجەم لایەنەکان دەکەین بە هێمنی بمێننەوە و خۆیان بەدووربگرن لە ئەنجامدانی کارێک کە ببێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان و خراپترکردنی قەیرانەکە.
ئەوەشی راگەیاندوە: چین دەیەوێت سەرجەم لایەنەکانی بەشدار لە ئۆکرانیادا هێمن بن و خۆیان بەدووربگرن لە زیادکردنی گرژییەکان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: بلینکن ئاماژەی بەوەداوە کەمکردنەوەی گرژییەکان و ڕێگەی دیبلۆماسی شێوازێکی بەرپرسیارانەن بۆ بەرەوپێشەوەچوون.
وتیشی: لە گفتوگۆکەیاندا باس لە مەترسییەکانی سەر ئاسایش و ئابووری جیهان کراوە کە بەهۆی دوژمنکاری ڕووسیا دژی ئۆکرانیا دروست دەبن.
هاوكات وەزیری دەرەوەی چین رایگەیاندوە: بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئۆکرانیا، هێشتا پێویستمان بەوەیە بگەڕێینەوە سەر ڕێکەوتنە نوێیەکەی مینسک، کە خاڵی دەستپێکردنە و لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیشەوە پەسەند کراوە.