سبەینێ.. كۆڕبه‌ندی عیراق بۆ وزه‌ی خاوێن و نوێبوه‌وه سازدەکرێت

ئابوری
  • 22-01-2022, 14:00
  • +A -A

    بەغدا_(INA)


    وه‌زاره‌تی نه‌وتی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ رایگه‌یاند سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه‌ له‌به‌غدای پایته‌خت كاره‌كانی كۆڕبه‌ندی عیراق بۆ وزه‌ی خاوێن و نوێبوه‌وه‌ بۆ ساڵی 2022 به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
    ئیحسان عه‌بدولجه‌بار وه‌زیری نه‌وت‌ له‌راگه‌یه‌نراوێكدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) کەوتووە رایگه‌یاند: كۆڕبه‌نده‌كه‌ له‌ژێر دروشمی (وزه‌ی نوێبوه‌وه‌ دیارییه‌كی سروشته‌و كۆتایی نایه‌ت) به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ئه‌وه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ئاراسته‌یه‌یه‌ كه‌ حكومه‌ت و وه‌زاره‌ت كاری بۆ ده‌كه‌ن به‌مه‌به‌ستی پاڵپشتیكردن له‌سه‌رجه‌م ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ریی و هه‌وڵانه‌ بۆ گۆڕانكاری پله‌به‌پله‌ له‌وزه‌ی نه‌ریتیی بۆ وزه‌ی خاوێن و نوێبوه‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی پرۆژه‌ هاوكارییه‌كانی نێوان كۆمپانیا نیشتمانییه‌كان و كۆمپانیا جیهانییه‌ ره‌سه‌نه‌كانی پسپۆڕی ئه‌م بواره‌.
    راشیگه‌یاند: به‌شداریكردنی هه‌ریه‌ك له‌وه‌زاره‌ته‌كانی نه‌وت و كاره‌باو ژینگه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌و كۆمپانیا نیشتمانیی و جیهانییانه‌ی له‌عیراق كارده‌كه‌ن هه‌نگاوێكی گرنگه‌ كه‌ئامانج لێی بۆ ئاگاداربوون و ناسینی نوێترین ئه‌زموون و پراكتیكه‌ كردارییه‌كانی ئه‌م بواره‌.
    عه‌بدولجه‌بار روونیشی كرده‌وه‌، له‌نێو كارنامه‌ی كۆڕبه‌نده‌كه‌دا هه‌روه‌ها گفتوگۆ ده‌كرێت له‌باره‌ی ئه‌و ته‌وه‌رو به‌رنامانه‌ی كه‌په‌یوه‌ستن به‌ په‌ره‌دان به‌كه‌رته‌كانی وزه‌ی نوێبوه‌وه‌ له‌عیراق و جیهان ئه‌وه‌ش له‌میانی ئه‌و بابه‌ته‌ زانستی و توێژینه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌وه‌ كه‌له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ شاره‌زایان و پسپۆڕانی بواری وزه‌ی نوێبوه‌وه‌و ژینگه‌وه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێن له‌باره‌ی گرنگترین ئه‌و هه‌نگاوانه‌وه‌ كه‌نراون بۆ دامه‌زراندنی پرۆژه‌كانی وزه‌ی خاوێن و نوێبوه‌وه‌، هه‌روه‌ها دیدگاو ئاسۆكانی ئایینده‌و  ئه‌زموونه‌ هاوشێوه‌كان له‌وڵاتانی پێشكه‌وتوو و هه‌روه‌ها گرنگترین و دیارترین هه‌نگاوه‌ كردارییه‌كان كه‌له‌م بواره‌دا نراون.