سلێمانی (ئ.ه.ع)
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت: سبەینێ چوارشەممە شەپۆڵێکى تری بەفربارین تەواوى ناوچەکەمان دەگرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (ئ.ه.ع) كەوتووە، دەڵێت: ئەمڕۆ سێ شەممە ئاسمان بە گشتی ساماڵە و سبەى چوار شەممە شەپۆڵێکى بەفر بارین تەواوى ناوچەکەمان دەگرێتەوەو پێشبینى هاتنى کاریگەرى ئەم شەپۆڵە لە کاتەکانى دواى نیوەڕۆ دەبێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە: بارستە هەواییەکى جەمسەرى زۆر سارد یاوەرى ئەم نزمە پاڵە پەستۆیە دەکات بۆیە شێوازى دابارین لە زۆربەى کاتەکان بە بەفر دەبێت، و سەنتەرى پارێزگاكانی سلێمانى و دهۆک و هەڵەبجە بەفر بارینى دەبێت لەگەڵ تەواوى یان زۆربەى قەزاو ناحییەکانى ناوچە شاخاوییەکان.
بەڵام لە سەنتەرى شاری هەولێر سەرەتا نمە بارانى دەبێت بە تێکەڵى لەگەڵ بەفر بارین پاشان لەگەڵ زیادبوونى کاریگەرى ئەم بارستە هەوایە ساردە دەگۆڕێت بۆ بەفر بارین لە ماوەى کاریگەرى ئەم شەپۆڵە سەنتەرى کەركوك ئەگەرى بەفر بارین بە تێکەڵى لەگەڵ بارانى دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان راشیدەگەیەنێت: رۆژى پێنج شەممە لە شەودا کاریگەرى ئەم شەپۆڵە کۆتاى دێت.