بەغداد (ئ.ه.ع)
ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی ئەمڕۆ دووشەممە لەدانیشتنێکی بەپەلەدا کە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران سەرۆکایەتی دەکرد چوار بڕیاری بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاسایشی بەغدادی پایتەخت و پارێزگاکان دەرکرد.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران لەبەیاننامەیەكدا کە كۆپیەكی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (ئ.ه.ع) ناردوە، رایگەیاند: مستەفا كازمی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی کرد، و تیایدا بارودۆخی ئەمنی چەند كاتژمێری رابردووی شاری بەغداد تاوتوێکرا.
تەئكیدكرایەوە: كە روداوە تیرۆریستیەكانی چەند كاتژمێری رابردوو لە پایتەخت ئامانجی تێكدانی دۆخی ئەمنی و ئاسایشی كۆمەڵایەتیە.
بەیاننامەكە ئاشكراشیكرد: ڕێوشوێنی توند دەگیرێتەبەر و پلانی ئەمنی دادەنرێت کە کۆتایی بەو کارە وێرانکاریانە دەهێنێت کە هەڕەشە لە ئاسایشی گشتی وڵات دەكات، هەروەك فەرماندە ئەمنییەكان چاو بە بەشە جیاوازە ئەمنیەكاندا دەخشێننەوەو لێپرسینەوە لە هەر كەسێك دەكەن كەمتەرخەمی هەبووبێ.
هەروەك کازمی سەرجەم سەرکردە ئەمنییەکانی راسپارد کەپلان و ڕێوشوێنی ئەمنی توندیان هەبێت بۆ بارودۆخی وڵات و نابێت ئەرکەکانیان تەنها سنورداربکرێت بۆ کاردانەوەی دوای روداوەكان.
کازمی دەزگا ئەمنیەكانیشی راسپارد دووبارە شوێنی کار بۆ دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان دابەشبكەنەوەو جەختیشیکردەوە" پێویستە هەوڵی هەواڵگری چالاک بکرێت و ڕۆڵی سەرەکی هەبێت لەڕووبەڕووبوونەوەی پێشهاتە ئەمنییەكان و بەدواداچوونی گروپە تیرۆریستی و باندە تاوانكاریەكاندا.
ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتیمانی چەند بڕیارێكی ئەمنی دەرکرد بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاسایشی بەغدای پایتەخت و پارێزگاكانی تری عێراق، كە بریتیە لەم خاڵانەی لای خوارەوە؛
۱ ـ تەئكیدكردنەوە لە ڕێنماییەکانی پێشوو سەبارەت بە ماتۆڕسکیلەکان بە رێگریکردن لە هەڵگرتنی زیاتر لە یەک کەس و هەروەها سنوردارکردنی هاتووچۆكردنیان لەسەر شەقام لە کاتژمێر 6:00 ئێوارەوە بۆ 6:00 بەیانی.
۲ ـ هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی حکومی سنوردار بکەن و دوای دەوامی فەرمی رێگەیان پێنەدرێت ئەگەر بەڵگەی كاركردنیان نەبێت.
۳ ـ دانانی پاداشتی دارایی بۆ هاوڵاتیان لە بەرامبەر پێدانی زانیاری سەبارەت هەر كەسێكی گوماناوی.
٤ ـ ناچاركردنی هەموو دوکاندار و شوێنە بازرگانیەكان بۆ دانانی کامێرای چاودێری لە شوێنی کارەکەیان.