بەغدا (ئ.ه.ع)
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان ڕۆژی یەکشەممە وردەکاری پلانی ئەمنی خۆی ڕاگەیاند بۆ چارەسەرکردنی بۆشاییە ئەمنییەكانی نێوان ناوەند و هەرێم، و هاوکات دانانی دوو ئەولەویەت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەلێنانە.
فەریق روكنی یەكەم عەبدلئەمیر شەمەری جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (ئ.ه.ع)ی ڕاگەیاند: کێشەی بۆشایی ئەمنی نێوان هەرێم و ناوەند بە دوو رێگا چارەسەر دەکرێت، یەکەمیان کە دەستمان بە جێبەجێکردنی کردووە بریتییە لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە، و ئاڵوگۆڕی هەواڵگری و روپێویكردنی چەکداری لەو ناوچانە.
لەگەڵ بوونی ناوەندەکانی هەماهەنگی هاوبەش لە خانەقین و کەرکوک و مەخمور، هەروەها دوو ناوەندی سەرەکی لە بەغدا و هەولێر.
وتیشی: ئەولەویاتی دووەم کاری لەسەر دەکرێت، ئەویش بریتیە لە پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەشی سوپا و پێشمەرگە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەكان لەلایەن ئەو دوو لیوایەوە.
جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەكان بەردەوام دەبن بۆ بەدواداچوونی خانە تیرۆریستییەکان لە ناوچەكانی بۆشایی ئەمنی لە سنوری دیالە و نەینەوا و خۆرئاوای نەینەوا، وتیشی: سود لە كامێرای حەراری جێگیركراو و فرۆكەی بێفرۆكەوان دەبینین بۆ لەناوبردنی تیرۆریستان.