سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەزیری بەرگری ئەڵمانیا كۆبوونەوە

سیاسی
  • 9-01-2022, 16:30
  • +A -A

    به‌غدا-(ئ.ه‌.ع)   

    سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لە شاری هەولێر لەگەڵ كریستینه ‌لامبرێشت وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌ڵمانیا و  وەفدێكی هاوڕێی كۆبوەوە.
    له‌ راگه‌یه‌ندراوێكى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم كه‌ ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(ئ.ه‌.ع)كه‌وتووه‌ رایگه‌یاند:"له‌ كۆبوونه‌وه‌یاندا نێچیرڤان بارزانى وكریستینه ‌لامبرێشت هاوڕابوون كه‌ شه‌ڕى دژى داعش هێشتا كۆتایى نه‌هاتووه‌ و مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌كانى تیرۆر له‌ ناوچه‌كه‌، مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌ى سه‌ر ئارامى و سه‌قامگیریى ئه‌ورووپا و ڕۆژئاواشن.
    هەر له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمى كوردستان و بواره‌كانى هاوبه‌شى و هاریكاریى نێوانیان، دوایین پێشهاته‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و مه‌ترسییه‌كانى داعش، پێداچوونه‌وه‌ به‌ ئه‌ركى هێزه‌كانى ئه‌ڵمانیا له‌ عیراق و دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى تاوتوێ كران.
    هەروەك نێچیرڤان بارزانى سوپاسى ئه‌ڵمانیاى كرد بۆ پشتگیریكردنى عیراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆردا، جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى داعش كۆتایى نه‌هاتووه‌ و نه‌هێشتنى تیرۆر ته‌نیا له‌ رێى سه‌ربازییه‌وه‌ نابێت، به‌ڵكوو هه‌نگاوى سیاسیشى پێویسته‌.
    لاى خۆیه‌وه‌ خاتوو ‌لامبرێشت وێڕاى دووپاتكردنه‌وه‌ى به‌رده‌وامیى پشتگیریى وڵاته‌كه‌ى بۆ عیراق و هه‌رێمى كوردستان، گه‌شبینیى خۆى به‌ داهاتووى‌ كارى هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌یى له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و سوپاس و پێزانینى ئه‌ڵمانیاى بۆ ڕۆڵ و قوربانییه‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و تێكشكاندنى داعشدا، دووپات كرده‌وه‌.