بهغدا-اهع
بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار،ئەمڕۆ چوارشەممە،جەختیکردەوە لەوەی حکومەتی نوێ پێویست دەکات هەوڵەکانی لەپێناوی چاکسازی ریشەیی بخاتەگەڕ و لەئاست داواکاری هاوڵاتیاندا بێت.
سەرۆک کۆمار لەبەغدا بەشداریکرد لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی شەهیدبوونی سەرکردەکانی سەرکەوتن حاجی ئەبو مەهدی موهەندیس، ومیوانی عێراق حاجی قاسم سلێمانی وهاوەڵەکانیان، لەوتارێکیشدا کەئاژانسی هەواڵی عێراقی بەدواداچوونی بۆ کردووە ئاماژەی بەوەکرد، هەردو سەرکردەی شەهید بەشداربون لە تێکشکاندنی داعش و گەڕانەوەی ئاسایش بۆ عێراق، ئەوان باوەڕیانوابو بەخشینی گیان و شەهیدبون بەرزترین پلەیە بۆ پشتیوانی لە ستەملێکراوان و وەستانەوە دژی ستەمکاری، بۆیە بەهاوکاری ئەوان و هێزە ئەمنییەکانمان لەسوپا، پێشمەرگە و حەشدی شەعبی، داعش و پلانەکانی لەناوبران و سەرجەم پێکهاتەکان پارێزران".
ئەوەشی خستەڕو، ئەمڕۆ هەموان لەبەردەم بەرپرسیاریەتییەکی گەورەدان کە بریتییە لە پاراستنی سەرکەوتنەکان و دوبارەنەبونەوەی کارەساتەکان، هەروەها رێکگریکردن لەهەمو هۆکارێک کە ئاسایشی عێراق بەئامانج دەگرێت ئەرکی گشت لایەکە، بۆیە ئەم قۆناغە دەخوازێت کە یەکریزی بین بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و تەواوکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی ریشەیی لەپێناو خزمەتی هاوڵاتیان و ئاسودەیی گیانی شەهیدان.
سەرۆک کۆمار وتیشی، لەئێستادا هەمو لایەنە سیاسییەکان لەبەردەم یەکەمین کۆبونەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتدان، حکومەتی نوێش پێویست دەکات هەوڵەکانی لەپێناوی چاکسازی ریشەیی بخاتەگەڕ و لەئاست داواکاری هاوڵاتیاندا بێت، هەروەها پێویست دەکات کاربکات بۆ دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری تەواو، رێزلێگیراو و رۆڵی ناوچەیی بگێڕێت لەپێناوی بەرژەوەندی گەلانی ناوچەکە.