بهغدا-اهع
مستەفا کازمی سەرۆك وەزیران،ئەمڕۆ پێنجشەممە، جەختیکردەوە لە گرنگی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئیتالیا لە بەرەنگاربونەوەی تۆڕەکانی گەندەڵی و تاوانی رێکخراو.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی(اەع)کەوتووە،ڕایگەیاند"مستەفا کازمی سەرۆك وەزیران پێشوازیی کرد لەلویجی دی مایۆ وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا وشاندی یاوەری"،ڕوونیشیکردەوە"لە میانی دیدارەکەدا وێڕای تاوتوێکردنی پەیوەدییەکانی نێوان هەردوو وڵات، هاوکات جەخت لە پەرەپێدان بەو پەیوەدییانە لە بوارەکانی سیاسیی و ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی تیرور کرا".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە هەر لە میانی دیدارەکەدا تاوتوێی بەرەوەپیشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بواری ئاسایش و مەشقپێکردنی هێزە عێراقییەکان لەژێر چەتری پەیمانی ناتۆ و پەیوەندییەکان لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەدوای قۆناغی گۆڕینی رۆڵی هێزەکانی نێو هاوپیمانییەکە لە شەڕکەرەوە بۆ راوێژ و مەشقپێکردن کراوە،هەر لەو دیدارەدا گفتوگۆ لەبارەی هاریکاریی کولتووریی لە چوارچێوەی یونیسکۆ و لە رێگەی پەیوەندیی لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانی ئیتالیا لەگەڵ هاوتا عێراقییەکانیان، کراوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە هەر لە میانی دیدارەکەدا کازمی ئاماژەی بە گرنگیی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و رۆما کردووە و جەختی لە گرنگیی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئیتالیا لە بەرەنگاربونەوەی تۆڕەکانی گەندەڵی و تاوانی رێکخراو کردووەتەوە.
لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، لویجی دی مایۆ پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ عێراق و حکوومەتەکەی دووپات کردەوە و ستایشی هەوڵەکانی حکوومەتی عێراقی کرد بۆ لەیەکتر نزیکردنەوەی بۆچوون و تێڕوانینەکان و بەهێزکردنی سەقامگیری ناوخۆیی و هەرێمیی و لێکەوتەکانی لەسەر سەقامگیریی نێودەوڵەتی.
لە یادی ١٠٤ ساڵەی دامەزراندنی سوپادا... مێژوویەکی گەشاوە و سەرکەوتنەکان لە داستانە گەورەکاندا