بهغدا-اهع
چوارچێوەی هەماهەنگی و سەرکردەکانی کورد ، ئەمڕۆ چوارشەممە جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کەپێویستە بنەمای تەوافوق و هاوسەنگی لەپڕۆسەی حوکمڕانیدا پەیڕەو بکرێت.
نوسینگەی مەسعود بارزانی لە بەیاننامەیەکدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (اەع) کەوتووە رایگەیاند، "ئەمڕۆ بارزانی پێشوازی کرد لە سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا نوری مالکی و شاندی یاوەری"، رونیکردەوە "هەردوولا هەندێک لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ڕابردوو و پەرەسەندنەکانی پرۆسەی سیاسی عێراقیان تاوتوێکرد".
ئاماژەی بەوەکرد"لە کۆبوونەوەکەدا تیشکی خستە سەر پێویستی پێداچونەوە بە سیستمی حکومەت لە عێراق و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ڕابردوو، جەختیشی کردەوە کە "پێویستە بنەمای شەراکەت و تەوافوق و هاوسەنگی لە پرۆسەی حوکمڕانیدا ڕەچاو بکرێت".
وتیشی: "هەردوولا بیروڕایان ئاڵوگۆڕکرد سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی داهاتووی عێراق و پرسی خزمەتگوزاری و هەڕەشەکانی داعش و کێشەی ژینگە و کەمی ئاو و داواکاری هاوڵاتیان".
هەروەها جەخت لەسەر بەردەوامبوونی ھەوڵەکان بۆ لەیەکتر نزیککردنەوەی بۆچوونی لایەنەکان و ئیستحقاقی پێکھاتەکان کرایەوە لە پێناو دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ قۆناخی داھاتوو و تێپەڕاندنی تەحەدیاتی بەردەم پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق.
لە لایەکی ترەوە میدیاکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا كه دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی(اەع) کەوتووە ڕایانگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی و عیماد ئەحمەد بە یاوەری شاندێکی باڵای یەکێتی ئەمڕۆ لە هەولێر پێشوازیان شاندی چوارچێوەی هەماهەنگی بەسەرۆکاتی نوری مالکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و شاندی یاوەری کرد"، وتیشی: "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوایین پێشهاتە سیاسییەکان و قۆناغی دوای هەڵبژاردن و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵی داهاتوو کرا".
هەروەها وتیشی: "شاندی چوارچێوەی هەماهەنگی تێڕوانینی چوارچێوەی هەماهەنگییان ڕوون کردەوە بۆ ئەوەی هاوسەنگییەکی سیاسی پێویست بەدەست بهێنرێت بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگیربوونی سیستمی سیاسی" ،ئاماژەی بەوەکرد: "هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستی بەردەوامی هەوڵەکانیان کردەوە بۆ لێکنزیککردنەوە و هاوسەنگیش لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا".