بهغدا-اهع
ئەنجومەنی وەزیران لەدانیشتنی ئاسایی خۆی ژمارە چل وهەشت کە بەسەرۆکایەتیی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران،ئەمڕۆ سێشەممە، سازکرا ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (اەع) کەوتووە،بڵاویکردەوە "مستەفا کازمی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سەرۆکایەتی 48 هەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد، و تیایدا باسی دوایین ڕووداوەکانی وڵات کرا وهەروەها بابەتەکانی کارنامەی دانیشتنەکەدا تاوتوێ کران".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە سەرەتای دانیشتنەکەدا، کازمی دۆخی گشتی عێراق و دیارترین کێشە ئەمنی و سیاسیەکانی خستەبەرباس،لەپاڵ پێداچوونەوە بەدۆسییە جۆراوجۆرەکانی خزمەتگوزاری و ئابووریدا".
راگەیەندراوەکە ئاماژەیشیدا: "لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران راپۆرتی پەتاناسی وئەو ڕێوشوێنانەی گیراوەتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا،وپێشهاتەکانی کاری لیژنەی پتەوکردنی ڕێوشوێنەکانی حکومەت لەبوارەکانی پاراستن و هۆشیارکردنەوەی کۆنترۆڵی تەندروستی بۆ کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و هەنگاوە گرنگەکانی وەزارەتی تەندروستی بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی پەتاکە و پاراستنی ڤاکسینەکان و پێداویستییە پزیشکییەکانی تر خراوەتەڕوو".
دوای تاوتوێکردنی بابەتەکان لەسەر کارنامەکە، ئەنجومەنی وەزیران ئەم بڕیارانەی دەرکرد:
یەکەم/
- گۆڕینی لایەنی جێبەجێکاری پڕۆژەکانی دەروازە سنوورییەکان کە گرێبەستی لەسەر کراوە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەروازە سنوورییەکان ،وهەروەها پرۆژە چارەنووسسازەکان؛بۆ ئەوەی لەو پارێزگایانە بێت کە دەروازەکانی تیایە لە جیاتی وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەروازە سنوورییەکان،لەگەڵ پێچەوانە کردنی هەموو پابەندییە گرێبەستیەکان بۆ پارێزگاکان لەجیاتی ئەو لایەنانە، بەمەرجێک شێوازی جێبەجێکردنی EPC بە هیچ شێوازێکی تر نەگۆردرێتەوە.
-هەموارکردنی بڕگەی (2) لە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران (274ی ساڵی 2019) ئەگەرنا گرێبەستەکە بەپێی یاسا کۆتایی پێدێت.
-پارێزگاکان بەرپرسیارن لەجێبەجێکردنی پڕۆژەکان بەباشترین شێوە و بەهەماهەنگی لەگەڵ دەستەی دەروازە سنوورییەکان بەپێی گرێبەستی ئێستاو بەشێوازی بەڵێندەرایەتی، و هەر ڕێکارێکی گرێبەستی یاسایی دواتر کە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لەخۆدەگرێت بەمەرجێک لەشێوازی EPC جێبەجێ بکرێت.
- سەرپشککردنی لایەنی پەیوەندیدار بەدەسەڵاتی گواستنەوەی گرێبەستەکان و بڕیاردان لەسەر هەموو ئەو کێشانەی تایبەتن بەپارەدارکردنی دەروازەکان، ودۆزینەوەی چارەسەری گونجاویش بەهاریکاری وەزارەتی پلاندانان.
دووەم/پەسەندکردنی زیادکردنی بڕی (3,000,000,000,000) دینار، تەنیا سێ ملیار دینار لە گوژمەکانی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، بۆ ئەو بڕە سەرەکییەی کە لە بڕیارنامەی ئەنجومەنی وەزیران(210ی ساڵی 2020)، تەرخانکراوە بۆ کۆمپانیای گشتی پەیوەندی وزانیارییەکان، کە کۆمپانیایەکی وەزارەتی پەیوەندییەکانە،بۆ خەرجکردنی تێچووی پرۆژەی دەروازەکانی چوونە ژورەوەی نێودەوڵەتی (IGW) بۆ خزمەتگوزاری ئینتەرنێت.
سێیەم/پەسەندکردنی ڕاسپاردەکانی لیژنەی فەرمانی دیوانی (61 بۆ 2021)، تایبەت بەوردبینی ژمارەی موچەخۆرانی کرێی رۆژانە و ڕاژە کاتییەکان بۆ ساڵانی (2015 و 2016)ی دەستەی گشتی بۆ پاراستنی پڕۆژەکانی ئاودێری ودەستەی گشتی بۆ پرۆژەکانی ئاودێری وچاککردنەوە لەوەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو.
چوارەم/وەزارەتی دارایی گوژمەی دارایی پێویست زیاد دەکات بۆ پاراستنی جیاوازی مووچەی موچەخۆرانی کرێی رۆژانە لەوەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بۆ ساڵی 2021 بەپشت بەستن بەبنەماکانی مادەی (50/ٲ) لە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی دارایی 2021،بە لەبەرچاوگرتنی زیادکردنی گوژمەی دارایی پێویست بۆ پاراستنی جیاوازی مووچە لەناو بودجەی دارایی وەزارەتی ناوبراودا بۆ ساڵی دارایی 2022 ، لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵی دارایی ساڵی 2022،بەمەرجێک دەستبەکاربوونی مووچەخۆرانی ئاماژەپێکراو پێش بەرواری 2ی تشرینی دووەمی 2019 بێت.
پێنجەم/وەزارەتی دارایی بڕی(3000000000) دینار، تەنها سێ ملیار دینار بۆ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگاکان (موسەنا و دیوانیە و زیقار و میسان و بابل و سەڵاحەدین)تەرخاندەکات؛بۆ نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی قوتابخانەکان و کڕینی ستوولی قوتابخانە لە یەدەگی فریاکەوتن بۆ ساڵی دارایی 2021، هەروەک چۆن لە نووسراوی دەستەی ڕاوێژکاران جێگیرکراوە بە ژمارە( 1260 لە 9ی کانوونی یەکەمی 2021)،هاوپێچ کراو.
شەشەم/وەزارەتی بازرگانی ڕێگە بەبەکارهێنانی پارەی کاش دەدات لەکۆمپانیا گشتیەکانی بەو پێیەی زیاتر لە (300000000000)دینار،سێسەد ملیار دینار نەبێت،بەمەبەستی کڕینی گەنم و دەستەبەرکردنی پێکهاتەکانی سەبەتەی خۆراک و خەرجکردنی شایستە داراییەکانی جووتیاران،بەمەرجێک وەزارەتی دارایی بەهەمان بڕە پارەی ئاماژەپێکراو پارەداری وەزارەت بکات دەکات لە چوارچێوەی گوژمەی وەزارەتی بازرگانیدا بەمەبەستی گەڕانەوەی بۆ کۆمپانیا ناوبراوەکان.
حەوتەم/
1.بەردەوام بوونی خەرجییەکانی پرۆژەی بەردەوامەکان کە لە قەرزەکانەوە پارەدار دەکرێت وبڕیاری لەسەر دراوە بەپێی یاسای بودجەی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی دارایی 2021،وساڵاکانی پێشوو بەپێی ڕێککەوتننامە واژۆکراوەکان لەژێر ڕۆشنایی ئەو گوژمانەی لەچوارچێوەی پرۆژە یاسای بوودجەی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی دارایی/2022،لەسەر بنەمای ماددەی(13/دووەم) لەدوای پشتگیری وەزارەتی پلاندانان،هاوشێوەی ئەو کارەی جێبەجێکراوە و بڕگەکانی دیکەیش کە لە هەردوو بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران (154ی ساڵی 2020) و (23ی ساڵی 2021)دا هاتووە.
2.وەزارەتی دارایی هەڵدەستێت بەخەرجکردنی دەرماڵەی پەیوەست بە ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی چین و عێراق، کە بەپێی یاسای بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی دارایی 2021 تەرخان کراوە،بەپێی ئەو گرێبەستانەی کە لەگەڵ لایەنە جێبەجێکارەکاندا ئەنجام دراوە و لە چوارچێوەی پابەندییان بە خەرجکردنی پێشینەکانی بەکاربەر بە هەمان شێوەی ئەو کارەی کراوە و بڕگەکانی دیکە کە لە بڕیارەکانی سەرەوەدا هاتووە،و لەسەر بنەمای ئەو نووسراوانەی کە لیژنەی پەیوەندیدارەوە دەرکراوە.