بهغدا-اهع
بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار و، برێت مەکگۆرک، رێکخەری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وباکوری ئەفریقیا،ئەمڕۆ یەکشەممە، جەختیانکردەوە لە پێویستی کۆتایی ھێنان بە قەیرانەکانی ناوچەکە لە رێگەی دیالۆگ و بەیەکگەیشتن بە ئاڕاستەی کەمکردنەوەی ناکۆکی و بارگرژییەکان.
سەرۆکایەتی کۆمار لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی(اەع)کەوتووە، ڕایگەیاند"بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق،ئەمڕۆ یەکشەممە،لە کۆشکی بەغدا پێشوازیکرد لە برێت مەکگۆرک، رێکخەری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا و شاندی یاوەری".
ئەوەش هاتوە، لە دیدارەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان هەردو وڵات و گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی سیاسی، ئابوری، کەلتوری، ژینگەیی لە رێگەی دیالۆگی ستراتیژیی نێوان هەردو وڵات، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی ھەردولا بکات، ھاوکات باس لە کۆتایی ھێنان بە رۆڵی شەڕکردنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بەهێزکردنی تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە رێگەی راوێژەوە کرا و دوپاتکرایەوە لەگرنگی ریشەکێشکردنی پاشماوەکانی تیرۆر.
لەبارەی دۆخی ناوچەکەش سەرۆکایەتی کۆماری عێراق باسی لەوەکردوە، "بەگرنگییەوە باس لە گۆڕانکاری و پێشھاتەکانی ناوچەکە کرا و جەختکرایەوە لە پێویستی کۆتایی ھێنان بە قەیرانەکانی ناوچەکە لە رێگەی دیالۆگ و بەیەکگەیشتن بە ئاڕاستەی کەمکردنەوەی ناکۆکی و بارگرژییەکان."
سەرۆک کۆمار لەکۆبونەوەکەدا رایگەیاند، جەخت دەکەینەوە لەرۆڵی گرنگ و میحوەری عێراق لە ناوچەکەدا، وەک پێکھاتەیەکی گرنگی سازان و سەقامگیری و پەرەپێدانی ئابوری و بازرگانی و گەشەپێدان لەپێناو بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری بۆ وڵات و گەلانی ناوچەکە.