بەغدا – ا ه ع فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆمار تەئكیدیكردەوە لەسەر گرنگی ئازادی كاری راگەیاندن تا بتوانێت رۆڵی كاریگەر و پیشەیی بگێرێت. ئەو وتانەی سەرۆك كۆمار لە میانی پێشوازیكردنی هات لە وەفدێكی راگەیاندنكاران كە پێكهاتبوون لە سەرنوسەر و بەرپرسانی ژمارەیەك لە دامەزراوەكانی راگەیاندن لە سعودیە. سەرۆك كۆمار وتیشی عێراق پەرۆشی پتەوكردنی پەیوەندییەكانە لەگەڵ سعودیە و وڵاتانی ناوچەكە لەسەر بنەمای لێكگەیشتن و پێكەوە ژیان و بیری بنیاتنانی ناوچەكە و پێشكەوتنی وڵاتان و گەلان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش. فوئاد مەعسوم لە وتەكەیدا بۆ رۆژنامەنوسان پەرۆشی عیراقی دوپاتكردەوە كە هەمیشە پشتیوانیی ئاڕاستەی تۆكمە كردنی پایەكانی ئاشتیی و هاریكاریی دەكات لەگەڵ هەموو دۆستەكاندا، كە هەوراز خستنی خاڵە هاوبەشەكان و رەچاوكردنی بەرژەوەندیی یەكتری و ئیرادەی ئاشتیی و ئارامیی و پێشكەوتن تاكە زامنی تێپەڕاندنی هەمو ئەوكێشانەیە كە ناوچەكە لەم هەلومەرجە مێژوییەدا بەدەستییەوە دەناڵێنێت. سەرۆك كۆمار بەوردیی گوێی لە سەرنج و پرسیارەكانی ئەندامانی وەفدەكە گرت و بە راشكاویی وەڵامی دانەوە، پێزانینی خۆشی دەربڕی بۆ رۆڵی دەزگاكانی راگەیاندن كە لە ئاستی بەرپرسیارێتیەدا بن بۆ رەواندنەوەی كەش و هەوای گرژ و ئاڵۆزیی و پێداویستی و پاراستنی ئارامیی گەلان و وڵاتانی ناوچەكە رەچاو بكەن. عەبدول عەزیز ئەلشەمەریی باڵیۆزی شانشینی عەرەبیی سعودیی لە بەغداو موئەید لامیی سەرۆكی یەكێتیی رۆژنامەنووسانی عەرەب و ژمارەیەك لە ئەندامانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی عیراق ئامادەی دیدارەكەبوون.