بارزانى و حه‌لبوسى تاوتوێى ره‌وشى ئه‌منى و سیاسی ده‌كه‌ن

سیاسی
  • 7-12-2021, 13:30
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان،ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدووم کۆبووەوە و تاوتوێی پرۆسەی سیاسیی عێراق و دوایین پێشهاته‌كانى شه‌ڕى تیرۆر و هێرش و په‌لاماره‌كانى ئه‌م دواییه‌ى داعشیان كرد.
    په‌یامنێرى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع) رایگه‌یاند:"كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌ نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدوومی سوننە لە هەولێر ئه‌نجامدرا،هه‌ردولا باسیان له‌ دوایین پێشهاته‌كانى شه‌ڕى تیرۆر و هێرش و په‌لاماره‌كانى ئه‌م دواییه‌ى داعش كرد به‌تایبه‌تى له‌ ناوچه‌كانى بۆشاییى ئه‌منى له‌نێوان سوپاى عیراق و پێشمه‌رگه‌دا كه‌ له‌ ئه‌نجامدا ژماره‌یه‌ك شه‌هیدى له‌ ریزه‌كانى سوپا و پێشمه‌رگه‌ و هاووڵاتیاندا لێكه‌وته‌وه‌".
    لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەدا هاتووە" هه‌روه‌ها جەختیان له‌ گرنگیى هاریكارى و لێكگه‌یشتنى هاوبه‌شى نێوان هێز و لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان كرده‌وه‌ بۆ هه‌نگاونانى پێویست له‌ پرۆسه‌ى سیاسیدا و دامه‌زراندنى حكومه‌تێك كه‌ كۆكه‌ره‌وه‌ى لایه‌ن و پێكهاته‌ عیراقییه‌كان و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى خواست و داوكاریى هاووڵاتیان بێت له‌ دابینكردنى ئارامى و سه‌قامگیرى و خزمه‌تگوزارى و ژیانێكى باشتر".