بهغدا-اهع
جێنین بلاسخارت نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق،ئەمڕۆ سێشەممە،ڕایگەیاند هەڵبژاردنەکەی مانگی رابردووی عێراق بەو جۆرە هەڵسەنگاندنی بۆ کراوە کە ئاشتییانە بەڕێوەچوو و رێکوپێک بوو.
بلاسخارت، لە میانی پێشکەشکردنی وتەیەکدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کەئاژانسی هەواڵی عێراقی(اەع)بەدواداچوونی بۆ کردووە، رایگەیاند: "هەڵبژاردنەکانی تشرین وا هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە کە بەگشتی ئاشتییانە و رێکوپێک بوون و بەرەوپێشچوونی بەرچاوی تەکنیکی و کارگێڕییان تێدابوو. بەگشتی، هەڵبژاردنەکە دەستکەوتێکی گەورە بوو. حکومەت و پارتەکانی عێراق کارێکی باش دەکەن ئەگەر بە ئاشکرا دانی پێدا بنێن."
پلاسخارت لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت ئارامی و ئاسایشی وڵات بپارێزرێت و گوتیشی، ئەو پڕۆسە دیموکراسییەی لە عێراق دەستیپێکردووە، دەبێت درێژەی هەبێت.
نوێنەرەکەی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق هانی لایەنەکانی وڵاتی دا پێکەوە دانوستاندن بکەن و گوتی، "دیالۆگ و دانبەخۆداگرتن" تەنیا رێگەن بۆ هەنگاونان بەرەو پێشەوە.
پلاسخارت لەبارەی رێژەی ژن لە پەرلەمانی داهاتووی عێراقیشدا قسەی کرد و رایگەیاند، "وا دیارە بەربژێرە ژنەکان زۆر بە باشی کاری خۆیان کردووە و سوودیان لە کۆتای دیاریکراو بۆ خۆیان وەرگرتووە کە 25٪ە و دەکرێت ئەو رێژەیشیان تێپەڕکردبێت، چونکە ئەو رێژەیە کەمترین سنوور دیاریدەکات، نەوەک زیاترین."
پلاسخارت لەو بارەوە قسەی کرد و گوتی: "تا ئێستا، وەکو دەسەڵاتی دادەوەریی عێراق رایگەیاندووە، هیچ بەڵگەیەک لەسەر هەبوونی ساختەکاری نەخشەبۆدانراو نییە. پێویستە هەموو نیگەرانییەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردن کە تا ئێستاش بەردەوامن، بە رێگەی یاسایی و بە گوێرەی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت."