بهغدا-اهع
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند هەوڵی تیرۆركردنی مستەفا كازمی پەرەسەندنێكی مەترسیدارە و هەڕەشە لە ئاسایش و ئۆقرەیی وڵات دەدات.
بارزانی لە تویتێكدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی(اەع)چاودێری کردووە دەڵێت: "ئیدانە و سەركۆنەی ئەو هەوڵە شكستخواردووە دەكەم بۆ تیرۆركردنی سەرۆك وەزیران بەڕێز مستەفا كازمی دراوە لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە لە شوێنی مانەوەی خۆی لە بەغدا، سوپاس بۆ خوا لەسەر ئەوەی سەلامەتە".
وتیشى"ئەم كارە تیرۆریستییە پەرەسەندنێكی مەترسیدارە و هەڕەشە لە ئاسایش و ئۆقرەیی وڵات دەكات و سەرەنجامی خراپیشی لێ چاوەڕوان دەكرێت. داوا دەكەم هەموولایەك دان بەخۆیاندا بگرن و ڕەوشەكە هێور بكەنەوە".
پێشتر شانەی ئەمنی ڕایگەیاند، لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکانەوە هێرشکراوەتەسەر شوێنی مانەوەی مستەفا کازمی لە ناوچەی سەوزی بەغدا و ناوبراو سەلامەتە.
بەدوای ئەوەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تویتێکدا برینداربوونی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، "من سەلامەتم و سوپاس بۆ خوا لەنێو گەلەکەمدام".
داواشی لە گەلی عێراق کردووە ئارام بن و دان بە خۆیاندا بگرن.