كۆمسیۆن هۆكارى دووباره‌ كردنه‌وه‌ى ده‌رگاى تانه‌ لێدان ئاشكرا ده‌كات

سیاسی
  • 2-11-2021, 11:07
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ،ئه‌مڕۆ سێشەممە هۆکارەکانی دووبارە کردنەوەی داواکارییەکانی ڕوونکردەوە و میکانیزمی مامەڵەکردنی لەگەڵ داواکاری گشتیدا خستەڕوو و دووپاتی کردەوە کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە زۆربەی وێستگەکاندا هاوتا بوون.
    حەسەن سەلمان بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان به‌ ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع) رایگەیاند:"دووبارە دەرگای پێشکەشکردنی تانە و بەڵگەکان لە ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ ماوەی سێ رۆژ کراوەتەوە".
    جەختیشیکردەوە" ئەنجامی دووبارە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست بۆ ئەو وێستگانەی کە تانەیان لێدراوە لەگەڵ ئەنجامەکانی ئەلیکترۆنی، ھاوتا بوون.
    سەلمان ئاشکراشیکرد" پێشتر زۆربەی لایەنەکان بەبێ بەڵگە، تانەکانیان پێشکەش کردووە و وتی، "ھەر لایەنێک بەڵگەی نوێی ھەیە دەتوانێت لە میانی سێ رۆژدا، پێشکەشی بکات".
    باسی لەوەش کردووە، دوای یەکلایی کردنەوەی سەرجەم تانەکان، ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بەرزدەکرێتەوە بۆ ئەوەی پێدا بچێتەوە و راشیگەیاندووە کە پەسەندکردن یان رەتکردنەوەی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکان لە دەسەڵاتی دادگای باڵای فیدراڵی دایە.