سەرۆك کۆمار: پێویستە ھەموو ئەو کەسانەی دەستیان لە تاوانەکانی داعش ھەیە پەلکێش بکرێن.

سیاسی
  • 28-10-2021, 14:54
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار ،ئەمڕۆ پێنجشەممە،جەختیکردەوە لە پێویستی پەلکێشکردنی ھەموو ئەو کەسانەی دەستیان لە تاوانەکانی داعش ھەیە بۆ بەردەم دادگا، تاوەکو بەسزای خۆیان بگەن.
    نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە راگەیەندراوێکدا کەدەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی(اەع) کەوتووە رایگەیاند:"بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆمار کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە کریستیان ریتچەر، سەرۆکی تیمی لیکۆڵێنەوەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەھێزکردنی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش.
    لە دیدارەکەدا جەختکرایەوە لە پێویستی بەدواداچوون و لیکۆڵێنەوە لەو تاوانانەی کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە عێراق ئەنجامی داوە، ھەروەھا دووپاتکرایەوە لە بەھێزکردنی هەماهەنگی هاوبەش لەنێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق و تیمی لیکۆڵێنەوەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دابینکردنی هەموو پشتیوانییەک بۆ تیمی لیکۆڵێنەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بە جێگەیاندنی کارەکانی. 
    لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک بەرهەم جەختیکردەوە لە پێویستی پەلکێشکردنی ھەموو ئەو کەسانەی دەستیان لە تاوانەکانی داعش ھەیە بۆ بەردەم دادگا، تاوەکو بەسزا خۆیان بگەن و وشککردنی سەرچاوەی دارایی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، ھەروەھا بەگرنگییەوە باسی لەوە کرد کە پێویستە سەرجەم تاوانە قێزەونەکانی داعش دێکۆمێنت بکرێت و بەڵگەی پێویستیان لەسەر کۆبکرێتەوە بەتایبەتی ئەو تاوانەی پەیوەستن بەگۆڕە بەکۆمەڵەکان، ھاوکات دووپاتیکردەوە لەگرنگی دەربازنەبوونی ھەموو ئەو کەسانەی تێوەگلاوەن لە تاوانەکانی داعش و پاراستنی قوربانییان و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە تاوانانە.
    لە کۆتاییدا سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لە کریستیان ریتچەر کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی تیمی لیکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەھێزکردنی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکە مرۆڤایەتییەکەیدا.