بهغدا-اهع
بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار،ئەمڕۆ سێشەممە،رایگەیاند پێویستە ھەوڵە نێودەوڵەتییەکان یەکخرێت بە ئاڕاستەی ریشەکێشکردنی تیرۆر و گەندەڵی و پاراستنی ژینگە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە راگەیەندراوێکدا کەدەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی(اەع) کەوتووە رایگەیاند:"سەرۆک بەرهەم لە کۆشکی سەلام لە بەغدا، کارنامەی ھەر یەک مارتن یاغر، باڵیۆزی ئەڵمانیا و پیتەر شتیپانیک، باڵیۆزی چێکی وەرگرت.
لەمیانی پێشوازیکردنی لە باڵیۆزانی ئەڵمانیا و چێک بەجیا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە کە عێراق بەگرنگییەوە دەروانێتە پەیوەندییە هاوسەنگەکانی لەگەڵ وڵاتان لەسەر بنەمای ھاریکاری ھاوبەشی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی تیرۆر و ریشەکێشکردنی گەندەڵی و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوھەوا و پاراستنی ژینگە.
لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم ئەوەشی خستەڕوو کە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان هەنگاوێکی گرنگە بۆ پێکهێنانی پەرلەمان و دامەزراندنی حکومەتێکی کارای کاریگەر کە بتوانێت داواکارییە رەواکانی خەڵک بۆ ژیانێکی باشتر و خۆشگوزەران دابین بکات، ھاوکات دووپاتیکردەوە لەگرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتان لە رووی ئابووری و بازرگانی و پشتیوانی لە دەرفەتی وەبەرھێنان بە ئاڕاستەی بەھێزکردنی دووبارە بونیادنانەوە و گەشەپێدانی عێراق.
ھەر لە دیدارکەدا سەرۆک کۆمار ھیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزانی نوێ خواست لەجێبەجێکردنی ئەرکە نوێیەکانیان، بەجۆرێک ببێتە مایەی بەھێزکردنی پەیوەندی دۆستانە و ھەماھەنگی نێوان عێراق و وڵاتەکانیان.
لەلای خۆیانەوە ھەردوو باڵیۆز ئەڵمانیا و چێک سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاڕاستەی سەرۆک کۆمار کرد، ھەروەھا پشتیوانی وڵاتەکانیان بۆ عێراق دووپاتکردەوە و جەختیشیانکردەوە لەپێویستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق لەبوارە جیاجیاکان، لەپێناو پتەوکردنی پەیوەندییە هاوبەشەکان.