بهغدا-اهع
دەستەی دەستپاکی،ئهمڕۆ ههینى،بڕی ئەو پارەیەی ئاشکرا کرد کە لەناوخۆ و دەرەوەی وڵات تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ گەڕێنراوەتەوە بۆ حکومەتی فیدڕاڵی.
موعتەز عەباس، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی گەڕاندنەوەی پارەکانی سەر بە دەستەی دەستپاکی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (اهع)راگەیاند:" کۆی ئەو بڕە پارەیەی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات گەڕێنراوەتەوە نزیکەی ١٧ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دۆلار بووە".
ئاماژەی بەوەشدا" فەرمانگەکەیان هەوڵیداوە کۆی دوو ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بگەڕێنێتەوە کە لەلایەن دادگاکانی وڵاتەوە فەرمانی گێرانەوەی بۆ دەرکراوە".
لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی بلۆک کراوە و فەرمانی گێڕانەوەیان بۆ دەرکراوە بریتییە لە یەک ملیار و ٤١٧ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار و ٨٤٢ دۆلار و ٣٣ ملیۆن و ٥٨٢ هەزار و ٧٢٥ یۆرۆ و دوو ملیۆن و ٣٢٩ هەزار و ٥٢١ جونەیهی ئیستەرلینی بەریتانی و ٩٥١ ملیار و ٤٢٨ ملیۆن و ٢٦٣ هەزار و ٢٨٦ دیناری عێراقی و ٧٢٠ هەزار و ٥٢٩ دیناری ئەردەنی و سێ هەزار و ٦٥٢ فرەنکی سویسری.
موعتەز عەباس، باسی لەوەشکرد" دەست بەسەر ١٤ موڵک و پێنج پشکی کۆمپانیای جۆراوجۆردا گیراوە".
بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی گەڕاندنەوەی پارەکانی سەربە دەستەی دەستپاکی وتیشی" توانراوە بڕی چوار ملیۆن و ١٧٠ هەزار دۆلار لە چەند وڵاتێکی دیکە لە دەرەوەی عێراق بلۆک بکرێت و بەم نزیکانە دەگەڕێنرێنەوە".
ئەمە لەکاتێکدایە، دەستەی دەستپاکی عێراق لەسەرەتای مانگی ئەیلولەوە رایگەیاند، کۆی ئەو بڕە پارەیەی دەستی بەسەردا گیراوە و بەشێکی گەڕێنراوەتەوە بۆ سەر هەژماری بانکی گەنجینەی گشتی بریتی بووە لە ٢٥٣ ملیار و ٥٨٦ ملیۆن و ٢٧٣ هەزار و ٢٥٩ دیناری عێراقی و چوار ملیار و ٩٢٠ ملیۆن و ٩٦ هەزار و ١٣٧ دۆلار.