بهغدا-اهع
بەرهەم ساڵح ،سەرۆک کۆمار ،ئەمڕۆ شەممە راگەیاند بەشداریکردنی بەرفراوان لەهەڵبژاردنەکان دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخان لەعیراق.
ساڵح لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (اەع) چاودێری کردووە رایگەیاند:"ئێمە ئێستا لەبەردەم ساتەوەختێكی هەستیار و یەكلاكەرەوەداین، لەچاوەڕوانی هەڵبژاردنێكی گرنگ و چارەنووسازو مێژوویداین لە عیراق، كە دەرفەرتێكە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی دەوڵەت و چارەسەری كێشەكانی سیستمی حوكمڕانی، هەلێكە بۆ بەرقەراركردنی دادپەروەری وبەگژداچوونەوەی گەندەڵی، بۆ پێداچوونەوەی دەستور وهێنانەكایەی گرێبەستێكی سیاسی وكۆمەڵایەتی نوێ، كە زامنی مافی تاک وپێكهاتەكانی عیراق بێت. ئەمانەش لەرێگەی پەرلەمانێکی کارا و ڕاستەقینەوە دێتەدی، پەرلەمانێک كە بەڕاستی نوێنەری ئیرادەی ئازادو دەنگی راستەقینەی ئێوە بێت وبتوانێت حكومەتێك پێكبهێنێت كە توانای چارەسەری قەیرانەكانی هەبێ، بەتایبەت کێشەکانی پەیوەست بە خزمەتگوزاری و بژێوی هاوڵاتیان.
بێگومان دەسکەوتی لەناوبردنی دیکتاتۆریەت و دامەزراندنی حوکمڕانی دەستوری گرنگ و بایەخدارە، بەڵام دەبێ بیشیسەلمێنین کە قۆناغی دوایی 2003 وسیستمە حوكمڕانیەكەی جۆرەها کێشە و كەموكورتی هەیە و پیوێستی بە پێداچوونەوەیەكی ریشەی هەیە.
ئەم هەلبژاردنە دەرفەتە بۆ هاوڵاتیان ئەم ڕێڕەوە بە ئاراستەی چاکسازی و گوڕانکەری ببەن . لەم پێناوەشدا بە ڕەچاوکردنی ئەزمونی هەلبژاردنەکانی پیشوو، بۆ رێگری لە تەزویر وساختەکاری، یاسای تازەی هەڵبژاردنەكان پەسەند كرا و كۆمسیۆنی نوێی هەڵبژاردنەكانیش پێكهێندرا، کەھاوکاتە لەگەڵ دابین كردنی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ چاودێری پڕۆسهکه، بێگومان هەموو ئەم هەنگاوانەمان لەپێناو پارێزگاری لەدەنگی ئێوەو رێگری لە ساختەکاری گرتەبەر، بۆ ئەوەی ئێوە بتوانن بە ئازادی دەنگ بدەن و سەرئەنجام ئەو پەرلەمان و حكومە بێتە كایەوە کە رەنگدانەوەی دەنگی راستەقینەی ئێوە بێت و قەرەبووی كەموكورتی هەڵبژاردنەكانی پێشووش بكاتەوە.
سبەی هەموو جیهان چاوی لەسەر ئێوەیە، چاوەڕوانی تاقیكردنەوەی ئیرادەی ئێوەن كە بەزەبری شەڕ و تیرۆر نەشكا، ئیرادەیەك كە توانی شکست بە داعش بھێنێ و بەسەر مەترسی تیرۆردا زاڵبێت و لەبری هەموو جیهان بجەنگێ و قوربانی بدات. بۆیە هیوادارم سبەی ناوەندەكانی دەنگدان بكەنە بڵندگۆی ئیرادەی راستەقینەی خۆتان بۆ چاکسازی و بەگژداچوونەوەی خراپەکاری، چونكە مێژوو فێری كردوین كە هیچ دەنگێك لە دەنگی میللەت بەرزتر و هیچ ئیرادەیەك لە ئیرادەی خەڵك بەهێزتر نییە، و بێگومان بەشداری كارا و هوشیارانەی ئێوە، خاڵی وەرچەرخانێكی چارەنوساز دەبێت ورێگە لەبەردەم نوێنەرایەتیەكی پاك و بێگەردی میللەت دەكاتەوەو رێگە لە یاریكردن بە چارەنوسی وڵاتەكەمان دەگرێت.
هەڵبژاردنی سبەی بەرپرسیارێتیەكی مێژوویی و دەرفەتێكی گەورەیە كە خودی خۆت بەشداردەبێت لە پرۆسەی گۆڕانكاری و چاكسازیدا، بۆیە بێ دودڵی بەشداری بکە و بەھوشیارییەوە دەنگ بدە،
لیرەشەوە سوپاسی خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ دەزگانی حکومەتو کۆمییسۆن، و بە تایبەتیش بۆ هێزەکانی ئاسایش و پیشمەرگە کە ئەرکی پاراستنی ئاسایشی هەڵبژاردنیان لە ئەستۆیە، لەم بۆنەیەشدا سەری ڕێز و نوازش دادەنەوێنین بۆ گیانی بەرزە فڕی شەهیدان.
با پیکەوە ههوڵ بدەین ئهم ههڵبژاردنه بکەینە مایهی گۆڕانکاری راستهقینه، وبە هیوای ئهنجامێکی باش بۆ ههڵبژادن و سبەینێیەکی ڕون بۆ گەل،
هەڵبژادەی نیشتمانی ماڵئاوایی لە كەندوای 26كرد