وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاى هه‌رێم داشكاندنی له‌ كرێی خوێندنی زانكۆ حكومی و ئه‌هلیه‌كان راگه‌یاند

ناوخۆ
  • 7-10-2021, 19:03
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاى هه‌رێمى كوردستان كرێی خوێندن له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌ حكومی و تایبه‌ته‌كان كه‌مده‌كاته‌وه‌
    وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، به‌له‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخی دارایی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، كرێی خوێندن له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌ حكومییه‌كانی كوردستان به‌ڕێژه‌ی 45% له‌گشت قۆناغه‌كانی خوێندنی به‌رایی و خوێندنی باڵا (پارالێل - ئێواران)، هه‌روه‌ها كرێی خوێندنی زانكۆ و په‌یمانگه‌ تایبه‌ته‌كان به‌پێی ئه‌نجامه‌كانی ڕێزبه‌ندی نیشتیمانی، به‌ڕێژه‌ی (10بۆ 20%) بۆ سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی خوێندن كه‌مبكرێته‌وه‌.
    به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه‌ به‌ واژۆی د. ئارام محه‌مه‌د قادر وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمى كوردستان له‌ دو فه‌رمانی جیادا كه‌وێنه‌یه‌كى ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه‌، بڕیاردرا به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی كرێی خوێندن له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌ حكومییه‌كان و تایبه‌ته‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
    له‌ لێدوانێكدا، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند، "هه‌رێمی كوردستان به‌ بارودۆخێكی تایبه‌ت گوزه‌رده‌كات به‌ شێوه‌یه‌ك پێویسته‌ هه‌موان ڕه‌چاوی بارو گوزه‌رانی دارایی خه‌ڵكی خۆمان بكه‌ین و له‌ هه‌مانكاتیشدا بتوانین هه‌لی خوێندن بۆ هه‌موان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی روحیه‌تی كێبڕكێی زانستیش له‌ دامه‌زراوه‌ ئه‌كادیمیه‌كان بپارێزین و به‌ له‌به‌رچاوگرتنی باوردۆخی هاوڵاتیان بڕیارماندا به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی كرێی خوێندن له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌ حكومی و تایبه‌ته‌كان".
    د. ئارام محه‌مه‌د وتیشی، "ئامانجی وه‌زاره‌ته‌كه‌مان له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی كرێی خوێندن له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌ تایبه‌ته‌كان به‌ له‌به‌ر چاوگرتنی باری دارایی هاوڵاتیانی كوردستان و ڕه‌خساندنی هه‌لی زیاتری خوێندن و په‌ره‌پێدانی تواناكانی گه‌نجانی هه‌رێمه‌كه‌مانه‌، له‌هه‌مانكاتدا ئه‌م هه‌نگاوه‌ یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت له‌ پاراستنی سه‌رمایه‌ی نیشتیمانی و به‌كارهێنانی له‌ گه‌شه‌پێدانی زانكۆكان".