كۆمسیۆن هۆكارى به‌شدارى نه‌كردنى كارمه‌ندانى حه‌شدى شه‌عبى له‌ده‌نگدانى تایبه‌ت ده‌خاته‌ڕوو

سیاسی
  • 2-10-2021, 10:59
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان،ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌،هۆكارى به‌شدارى نه‌كردنى كارمه‌ندانى حه‌شدى شه‌عبى له‌ده‌نگدانى تایبه‌ت خسته‌ڕوو،دووپاتیشیكرده‌وه‌ مافى كارمه‌ندانى حه‌شدى شه‌عبى پارێزراو ده‌بێت له‌ده‌نگدانى گشتى.
    جومانه‌ غلاى وته‌بێژى كۆمسیۆن به‌ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)ڕایگه‌یاند"كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كان زۆر به‌په‌رۆشه‌ بۆ به‌شداریكردنى هاوڵاتیانى عێراق،چ ده‌نگدان بن یان پاڵێوراو،ونووسراویشى ئاڕاسته‌ى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى كردووه‌ بۆ ناردنى ناوى كارمه‌نده‌كانى،تاوه‌كو له‌تۆمارى ده‌نگده‌رانى تایبه‌ت تۆماربكرێن،وكارتى بایۆمه‌ترى ده‌نگدانى تایبه‌تیان بۆ ده‌ربكرێت".
    وتیشى"ده‌سته‌ى حه‌شد ناوى كارمه‌ندانى بۆ كۆمسیۆن نه‌ناردووه‌،هه‌ر بۆیه‌ كۆمسیۆن ناوه‌كانیان خستۆته‌ ده‌نگدانى گشتى،چونكه‌ داتاكانى كارمه‌ندانى حه‌شد ڕه‌وانه‌ى كۆمسیۆن نه‌كراوه‌".
    دووپاتیشیكرده‌وه‌"كۆمسیۆن 4 نووسراوى فه‌رمى ئاڕاسته‌ى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى كردووه‌،به‌مه‌به‌ستى ناردنى داتاكانى كارمه‌نده‌كانى بۆ به‌شداریكردنیان له‌ده‌نگدانى تایبه‌ت"،ڕوونیشیكرده‌وه‌"داتاكان دواى كۆتاییهاتنى قۆناغى نوێكردنه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌له‌2/1 ده‌ستیپێكرد وله‌15/4 كۆتاییهات،كه‌چى داتاكانى كارمه‌ندانى حه‌شدى شه‌عبى له‌ 5/ 6 هاتووه‌،واته‌ له‌دواى 50 ڕۆژ له‌كۆتاییهاتنى ماوه‌كه‌،ئه‌و كات تۆمار ده‌نگده‌ران په‌سه‌ندكرا وده‌ستمانكرد به‌چاپكردنى تۆمارى ده‌نگده‌ران،وئاماده‌كارییمان كرد بۆ چاپكردنى كارتى بایۆمه‌ترى ده‌نگده‌ران".
    ئه‌وه‌یشى وت"داتاكانى حه‌شدى شه‌عبى زۆر له‌واده‌كه‌ى خۆى دواكه‌وت،وكۆمسیۆنیش نه‌یتوانى له‌ده‌نگدانى تایبه‌ت تۆماریان بكات،به‌ڵام ده‌توانن له‌ده‌نگدانى گشتى به‌شدارى بكه‌ن،ومافه‌كانى له‌هه‌ڵبژاردنى 2021 له‌ده‌نگدانى گشتى ده‌سته‌به‌ركراوه‌".
    ئاماژه‌یشیدا"كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كان پابه‌نده‌ به‌خشته‌ى ئۆپراسیۆنه‌كان وكاته‌كانى،وناتوانێت كاره‌كانى دوابخات،چونكه‌ هه‌ر قۆناغێك له‌قۆناغه‌كان كاتێكى دیاریكراوى هه‌یه‌،بۆیه‌ كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌رده‌وامه‌ له‌كاره‌كانى،چونكه‌ هه‌ر گرفتێك له‌خشته‌كان كاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر واده‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان". 
    بڕیاره‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق له‌ڕۆژى ده‌ى ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌بچێت له‌سایه‌ى ڕێوشوێنى توندى ئه‌منى،وبه‌سه‌رپه‌رشتى وچاودێرى نێوده‌وڵه‌تى خۆجێى بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى بێگه‌ردى هه‌ڵبژاردنه‌كان.
    پێشووتریش لیژنه‌ى باڵاى ئاسایشى هه‌ڵبژاردنه‌كان جه‌ختیكرده‌وه‌،ئاماده‌كارییه‌كانى به‌خێرایی به‌ڕێوه‌ده‌چن له‌پێناو ده‌سته‌به‌ركردنى ژینگه‌یه‌كى ئارام وكه‌شێكى له‌بار بۆ ده‌نگده‌ران وپاڵێوراوه‌كان،له‌گه‌ڵ ده‌سته‌به‌ركردنى پارێزگارى بۆ ناوه‌نده‌كانى هه‌ڵبژاردن وسندووقه‌كانى نێو گه‌نجینه‌كان وكه‌لوپه‌له‌ لۆجستییه‌كان".
    ئاماژه‌یشیدا"پلانى هه‌یه‌ بۆ ڕێگریكردن له‌كاریگه‌رى چه‌كى نایاسایی له‌سه‌ر ڕێره‌وى هه‌ڵبژاردنه‌كان وپاراستنى پاڵێوراوان وده‌نگده‌ران وشوێنه‌كانى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كان".