لیژنه‌ى باڵاى ئه‌منى هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕێوشوێنه‌كانى به‌په‌له‌ى تایبه‌ت له‌ڕۆژى ده‌نگدان ئاشكرا ده‌كات

ئەمنی
  • 2-10-2021, 11:56
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    لیژنه‌ى باڵاى ئه‌منى هه‌ڵبژاردنه‌كان،ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌،ڕێوشوێنه‌كانى به‌په‌له‌ى تایبه‌ت له‌ڕۆژى ده‌نگدان ئاشكراكرد.
    فه‌ریق ڕوكن عه‌بدولئه‌میر شممه‌رى سه‌رۆكى لیژنه‌ى ناوبراو له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا كه‌ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)ئاماده‌ى بوو ڕایگه‌یاند"لیژنه‌كه‌ هه‌موو پلانه‌كانى تایبه‌ت به‌ده‌سته‌به‌ركردنى ڕۆژى ده‌نگدان ته‌واو كردووه‌ وژماره‌یه‌ك ڕێوشوێنى ئه‌منى ئه‌نجامداوه‌ وچه‌ند ڕێوشوێنى تر ئه‌نجامده‌دات بۆ دڵنیابوون له‌جێبه‌جێكردنى ته‌واوى پلانه‌كه‌ ودیاریكردنى بۆشایی وبه‌ره‌وپێشچوونه‌ ئه‌رێنییه‌كان"،وتیشى"مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیران سه‌رپه‌رشتى ڕێوشوێنه‌كانى تایبه‌ت به‌ده‌سته‌به‌ركردنى هه‌ڵبژاردنه‌كان وبه‌دواداچوونى هه‌موو ورده‌كارییه‌كانى په‌یوه‌ست به‌پلانى ئه‌منى ده‌كات".
    وتیشى"هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه‌ له‌ده‌ستپێكى ئه‌مڕۆوه‌ له‌حاڵه‌تى ئاماده‌باشیدان وبه‌رده‌وامیش ده‌بێت تاوه‌كو دواى هه‌ڵبژاردنه‌كان وڕێگه‌ ناده‌ین به‌هیچ كه‌سێك كاریگه‌رى بكاته‌ سه‌ر ده‌نگده‌ران"،ئاماژه‌یشیدا"ڕێوشوێنه‌كان بریتیین له‌داخستنى سه‌رجه‌م ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان زه‌مینى وفڕۆكه‌خانه‌كان،وهه‌روه‌ها داخستنى ده‌روازه‌ى پارێزگاكان وقه‌ده‌غه‌كردنى هاتوچۆكردن له‌نێوان پارێزگاكان وقه‌ده‌غه‌كردنى هاتوچۆى ئۆتۆمبێله‌كانى بارهه‌ڵگر وماتۆرسكیل وعه‌ره‌بانه‌كان به‌هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه‌ له‌سه‌رجه‌م شاره‌كان وهه‌روه‌ها ڕاگرتنى شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كانیش".
    وتیشى"هه‌روه‌ها له‌ڕێوشوێنه‌كانیش هاتووه‌ ڕاسپاردنى لیژنه‌ى باڵاى ئاسایش به‌سه‌پاندنى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆى سه‌رتاسه‌رى له‌به‌غدا وپارێزگاكان له‌كاتى پێویست وله‌حاڵه‌ته‌ به‌په‌له‌كان،له‌پاڵ نه‌هێشتنى  گردبوونه‌وه‌ى جه‌ماوه‌رى به‌هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه‌ وڕێگریكردن له‌هێنانه‌ژووره‌وه‌ى مۆبایل بۆ ناوه‌نده‌كانى ده‌نگدان وبه‌ته‌واوى قه‌ده‌غه‌كردنى هه‌ڵگرتنى چه‌ك وكه‌ره‌سته‌ى برینداركردن بۆ نێو ناوه‌نده‌كانى ده‌نگدان یان ده‌وروبه‌رى ته‌نانه‌ت بۆ ڕێگه‌پێدراونیش جگه‌ له‌ده‌زگا ئه‌منییه‌كانى ڕاسپێردراو بۆ ئه‌ركى ئاسایشى هه‌ڵبژاردن،هه‌روه‌ها قه‌ده‌غه‌كردنى به‌كارهێنانى فڕۆكه‌ى بێفڕۆكه‌وان به‌مه‌به‌ستى وێنه‌گرتن یان كارى مه‌ده‌نى دیكه‌،وهێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى پێكدادان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م حاڵه‌تانه‌ ده‌كات".
    شممه‌رى وتیشى"ڕۆژى ده‌ى تشرینى یه‌كه‌م پشووى فه‌رمى ده‌بێت جگه‌ له‌فه‌رمانگه‌كانى ته‌ندروستى وخزمه‌تگوزارى ووه‌زاره‌ته‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانیش پلانێكى تایبه‌ت داده‌نێن به‌ڕۆژى ده‌نگدان بۆ پتشیوانیكردنى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان وداخستنى سه‌رجه‌م بازاڕ ومۆڵ وناوه‌نده‌ بازرگانییه‌كان وخواردنگه‌ وكۆمپانیاكان جگه‌ له‌شوێنكاره‌كانى فرۆشتنى كه‌ره‌ستى خۆراك وسه‌وزه‌ وفڕن وده‌رمانخانه‌كان"،جه‌ختیشیكرده‌وه‌"هێزه‌ ئه‌منییه‌كان سه‌رپێچیكارانى ئه‌م ڕێوشوێنانه‌ ده‌ستگیر ده‌كات وبه‌پێى یاسا ڕه‌وانه‌ى دادگایان ده‌كات".
    لاى خۆیه‌وه‌ جه‌لیل عه‌دنان خه‌له‌ف سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى كۆمسیاران له‌كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕایگه‌یاند"كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كان هاوئاهه‌نگى باڵاى هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان"،ئاماژه‌یشیدا"سه‌رجه‌م گه‌نجینه‌كانى كۆمسیۆن ده‌سته‌به‌ركراوه‌".
    ڕوونیشیكرده‌وه‌"لیژنه‌ى ئاسایش پلانێكى داناوه‌ بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى گه‌یشتنى ده‌نگده‌ر بۆ ناوه‌نده‌كانى ده‌نگدان"،ڕوونیشیكرده‌وه‌"ڕێككه‌وتن كراوه‌ له‌سه‌ر پرۆسه‌ى گواستنه‌وه‌ى میمۆرى ئامێره‌كان له‌له‌لایه‌ن فه‌رمانبه‌رانى كۆمسیۆن به‌پێى پلانێك كه‌پێشتر ئاماده‌كراوه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ى باڵا وبه‌سه‌رپه‌رشتى سه‌رۆك وه‌زیران".
    ئاماژه‌یشیدا"كاغه‌زى ده‌نگدان ئاماده‌كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى یه‌ك كاغه‌ز بێت له‌هه‌موو عێراق"،وتیشى"پرسى هاتنى زۆرى كارمه‌ندان بۆ ناوه‌نده‌كانى ده‌نگدان چاره‌سه‌ركراوه‌ تاوه‌كو هیچ كاریگه‌رى له‌سه‌ر كارمه‌نده‌كه‌ نه‌بێت".