بهغدا-اهع
بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار ،ئەمڕۆ پێنجشەممە ،جەختیکردەوە لە پێویستی کاری ھاوبەشی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بۆ کەمکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە و ھاریکاری بۆ بەرنگاربوونەوەی قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە راگەیەندراوێکدا کەدەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (اەع)کەوتووە رایگەیاند:"د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆمار لە شوێنی مانەوەی لە نیویۆرک و لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازیکرد لە ئان لیندی، وەزیری دەرەوەی سوید.
لەو دیدارەدا گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەبوارە جیاجیاکاندا دووپاتکرایەوە، ھەروەھا پشتیوانی سوید بۆ عێراق لەبوارە مرۆییەکان و هاوکاریکردنی عێراق لە شەڕی دژ بە تیرۆر لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بەرزنرخێندرا.
ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرهەم جەختیکردەوە کە عێراق چاوی لە بەھێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری و کارکردنە بۆ مسۆگەرکردنی پاکوبێگەردی و دادپەروەری هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەکەمی داھاتووە، ھاوکات ئاماژەشیکرد بۆ ئەوەی عێراق ھەنگاو دەنێت بە ئاڕاستەی ھەماھەنگی لەگەڵ کۆمەڵەی نێودەوڵەتی بۆ بەھێزکردنی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار ئەوەشی خستەڕوو کە پێویستە هاوکاری نێودەوڵەتی بەهێز بکرێت لەبەرامبەر ئاستەنگەکان، بەتایبەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و تیرۆر و چارەسەرکردنی قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا و پاراستنی ژینگە و سوود وەرگرتن لە شارەزایی نێودەوڵەتی لەم بوارەدا بۆ پشتیوانی لە پلانی نیشتمانی عێراقی بۆ دووبارە بووژاندنەوەی وادی رافیدەین لە رووی ژینگەیی و دامەزراندنی چەمکەکانی ئابووری سەوز.