سەرۆک كۆمار جەختدەکاتەوە لەپێویستی مسۆگەرکردنی ھەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە

سیاسی
  • 22-09-2021, 22:10
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار،ئەمڕۆ چوارشەممە،جەختیکردەوە  لەپێویستی مسۆگەرکردنی ھەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی دادپەروەر و کاری جددی بە ئاڕاستەی کەمکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە و بەرنگاربوونەوەی قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا.
    نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە راگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی(اەع) کەوتووە رایگەیاند:"د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆمار لە نیویۆرک چاویکەوت بە ئەنتۆنیۆ گۆتێرس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان.
    لەسەرەتای دیدارەکەدا سەرۆک بەرهەم پیرۆزبایی لە ئەنتۆنیۆ گۆتێرس کرد بەبۆنەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی وەک سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەروەها بەگرنگییەوە باسی لە پشتیوانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆ عێراق لەبوارە جیاجیاکاندا، بەتایبەتی پشتیوانی لە بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەکەم بە ناردنی چاودێران لە پێناو دادپەروەری و پاکوبێگەردی ھەڵبژاردنەکان.
    سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەگرنگی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کرد بۆ گەلی عێراق، بۆ ئەو مەبەستەش جەختیکردەوە لە پێویستی دابینکردنی کەشێکی لەبار و گونجاو بۆ بەرێوەچوونی ھەڵبژاردنەکان لەسەر بنەمای دادپەروەری و پاکوبێگەردی دوور لە ساختەکاری و فرتۆفێڵ.
    ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرهەم دووپاتیکردەوە لەسەر پێویستی پشتگیریکردنی هەوڵەکانی عێراق لە پێناو دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری بۆ وڵات و گەلەکەی و گرنگی کارکردن بۆ کەمکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە و گێڕانەوەی رۆڵی گرنگی عێراق لە ناوچەکە و جیھان.
    لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم جەختیکردەوە لە پێویستی پتەوکردنی ھەماھەنگی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر بەرنگاربوونەوەی ئاستەنگەکانی سەردەم، بەتایبەتی توندوتیژی و تیرۆر و قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا و پاراستنی ژینگە، کە بووەتەوە هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر هەموو مرۆڤایەتی، ھاوکات ئاماژەشیکرد بۆ ئەوەی عێراق چاوی لە پشتیوانی و شارەزایی نێودەوڵەتییە لەم بوارەدا بەمەبەستی پشتگیریکردن لە پلانی نیشتمانی بۆ دووبارە بوژاندنەوەی وادی رافیدین لە رووی ژینگەیی و دامەزراندنی چەمکەکانی ئابووری سەوز.
    لەلای خۆیەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرس، ستایشی ئەو پێشکەوتنانەی کرد کە لە عێراق ھاتوونەتەدی، بەتایبەتی هەوڵەکانی عێراقی بەرزنرخاند بۆ کەمکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە، ھەروەھا جەختیشیکردەوە کە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لەپشتگیری عێراق لە رێگەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پێناو ھێنانەئاراوەی ئاسایش و ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی عێراق.