نرخی نه‌وت به‌رزبوه‌وه‌

ئابوری
  • 21-09-2021, 11:42
  • +A -A

    به‌دواداچوون-اه‌ع

    ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ نرخی نه‌وت له‌بازاڕه‌كانی جیهان جارێكی دیكه‌ به‌رزبونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینی و نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی جۆری برێنت گه‌یشته‌ 74.82 دۆلار و به‌رمیلێك نه‌وتی ته‌كساسیش به‌ 71.18 دۆلار مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كرا.
    به‌گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی جۆری برێنت به‌ڕێژه‌ی 0.88% به‌رزبونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینی و گه‌یشته‌ 74.82، هه‌روه‌ها نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی ته‌كساسیش به‌هه‌مان ڕێژه‌ی 0.88% به‌رزبوه‌وه‌ و گه‌یشته‌ 71.18 دۆلار.
    ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز بڵاویكرده‌وه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی قه‌باره‌ی نه‌وتی كۆگاكراوی ئه‌مریكا به‌بڕی 5400000 (پێنج ملیۆن و چوار سه‌د هه‌زار به‌رمیل) كه‌میكردوه‌ و پێشبینی ده‌كرێت زیاتریش كه‌مبكات، نرخی نەوتیش روی لەبەرزبونەوە كردوە، چونكە خواست لەسەری زیادی كردوە.
    ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، هۆكارێكی دیكه‌ی به‌رزبونه‌وه‌ی نه‌وت په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ ئه‌گه‌ری پێشبینیكراوی سه‌رهه‌ڵدانی باهۆز له‌ چه‌ند ویلایه‌تێكی ئه‌مریكا له‌وانه‌ش ویلایه‌تی ته‌كساسی ناوه‌ندی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی ئه‌مریكا، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ به‌هۆی باهۆزی ئایدا له‌ ئه‌مریكا تا ئێستاش 40٪ی سه‌كۆ نه‌وتییه‌كان نه‌خراونه‌ته‌وه‌كار.
    په‌یوه‌ست به‌م بابه‌ته‌ش دامه‌زراوه‌ی Bank of America له‌دواین راپۆرتی خۆیدا رایگەیاندوە، له‌و باوه‌ڕه‌دان سه‌ره‌ڕای ناجێگری نرخی نه‌وت، به‌ڵام هه‌نگاوه‌كانی ئۆپیك و بوژانه‌وه‌ی بازاره‌كانی جیهان، له‌سه‌ره‌تای ساڵی داهاتودا به‌های هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی برێنت بۆ 100 دۆلار به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌.