کۆمیسیۆن میکانیزمی بەشداریی کردنی دەنگدەرانی دەرەوەی وڵاتی لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوودا ئاشکرا کرد

سیاسی
  • 18-09-2021, 09:54
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان،ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌،میکانیزمی بەشداریی کردنی دەنگدەرانی دەرەوەی وڵاتی لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوودا، ئاشکرا کرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، دەنگدەر ناتوانێت لە دەرەوەی وڵات دەنگ بدات.
    موھەنەد مستەفا ئەندامی نووسینگەی راگەیاندنى کۆمیسیۆن به‌ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)ڕاگه‌یاند، بە ھۆی ئەوەی پڕۆسەی دەنگدان لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو لە دەرەوەی وڵات ھەڵوەشێندراوەتەوە، دەنگدەران دەتوانن بگەڕێنەوە عێراق و بەشداریی پڕۆسەکە بکەن و لە ناوەندەکانی دەنگداندا، دەنگ بدەن.
    پێشتر ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بڕیاری دابوو، ھەڵبژاردنی پێشوەخت کە چاوەڕوان دەکرێت لە ١٠ی تشرینی یەکەمی داھاتوو بەڕێوە بچێت، لە دەرەوەی وڵات ئەنجام نادرێت.
    سەبارەت به‌ ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکان، موھەنەد مستەفا ئاماژەی بەوە داوە ھەڵمەته‌كه‌ لە ٩ی مانگی تەمووزی رابردووه‌وه‌ لە لایەن کاندیدانەوە دەستی پێ کراوە و تا ٢٤ کاتژمێر بەر لە دەست پێ کردنی دەنگدانی تایبەت بەردەوام دەبێت و گوتی: "ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکان لە ٧ی تشرینی یەکەمی داھاتوودا کۆتایی دێت".