سەرۆک کۆمار ئیمزاکردنی رفتاری هەڵبژاردن رادەگەیەنێت

سیاسی
  • 15-09-2021, 17:55
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار ،ئەمڕۆ چوارشەممە ئیمزاکردنی رفتاری هەڵبژاردنی بە ئامادەبوونی مستەفا کزمی سەرۆک وەزیران و سەرکردەکانی لایەنە سیاسییەکان ڕاگەیاند.
    به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (اەع) کەوتووە رایگەیاند:"د. به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری له‌ كۆشكی به‌غداد میوانداری كۆبونه‌وه‌یه‌كی به‌رفراوانی كرد كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌ركرده‌ و نوێنه‌ری هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و سه‌رۆك و ئه‌ندامانی كۆمیسۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان و جینین پلاسخارت، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ عێراق ئاماده‌ی بون".
    هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا‌ واژۆی په‌یماننامه‌ی ره‌فتاری هه‌ڵبژاردن كرا كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی كۆماره‌وه‌ پێشكه‌ش كراوه‌، سه‌باره‌ت به‌و بنه‌مایانه‌ی پێویسته‌ پارته‌ سیاسییه‌كانی عێراق له‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا پێی پابه‌ندبن، تاوه‌كو پاكوبێگه‌ری و سه‌لامه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان پارێزراوبن و به‌شێوه‌یه‌كی راست و ره‌وان به‌ڕێوه‌بچێت، له‌ په‌یماننامه‌كه‌دا جه‌ختكراوه‌ته‌وه‌ له‌ خۆلادان له‌ ململانێكان و ده‌سته‌به‌ركردنی به‌شداری به‌رفراوانی خه‌ڵك له‌ هه‌ڵبژارنه‌كاندا، هه‌روه‌ها پاراستن و مسۆگه‌ركردنی هه‌لی یه‌كسان بۆ كاندیده‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی په‌یماننامه‌كه‌ گفتوگۆی گشتگیری له‌باره‌وه‌ بكرێت له‌نێو ناوه‌نده‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ گشت پارێزگاكان بۆ به‌هێزكردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان".


    له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك به‌رهه‌م رایگه‌یاند، كه‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی عێراق چاره‌نوسساز و مێژوییه‌، هه‌روه‌ها بڕیارێكی نیشتمانی عێراقی له‌ پشته‌ كه‌ به‌ ‌شێوه‌یه‌كی پێشوه‌خته‌ ئه‌نجام بدرێت، تاوه‌كو ته‌نگژه‌ سیاسییه‌كانی ئێستای وڵات تێپه‌رێنێت، هاوكات ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ هه‌لێكی مێژوییه‌ بۆ راستكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق و هه‌نگاونان روه‌و چاكسازییه‌كی راسته‌قینه‌ كه‌ خواست و ئیراده‌ی عێراقییه‌كان بۆ ژیانێكی شكۆمه‌ندانه‌ بهێنێته‌دی‌.
    هه‌ر له‌میانی دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك به‌رهه‌م ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، په‌یماننامه‌كه‌ دوپاتده‌كاته‌وه‌ له‌گرنگی پاراستنی یاسا و رێسا ده‌ستورییه‌كان و هێنانه‌ئاراوه‌ی ژینگه‌یه‌كی ئارام بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان و هه‌لی یه‌كسان بۆ كاندیده‌كان له‌ هه‌ڵبژارده‌كاندا و زامنكردنی جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كانی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان و رێگریكردن له‌ دیارده نه‌رێنییه‌كان ‌كه‌ كاریگه‌ری بۆ سه‌ر بڕیاری ده‌نگده‌ر هه‌یه‌، وه‌ك به‌كارهێنانی پاره‌ی سیاسی و ترساندنی هاوڵاتییان و یاریكردن به‌ ده‌نگدان و ساخته‌كاری".
    سه‌رۆك به‌رهه‌م ئه‌وه‌شی دوپاتكرده‌وه‌، پابه‌ندبونی هێز و لایه‌نه‌‌ سیاسییه‌كان به‌و په‌یماننامه‌یه‌‌ پشكداری ده‌كات له‌ باش به‌ڕێوه‌چونی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان، هاوكات ئه‌وه‌شی راگه‌یاند، "گه‌لی عێراق و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌ وردی چاودێری هه‌ڵبژارنه‌كان ده‌كه‌ن و ئێمه‌ش‌ هیواخوازین ئه‌و ئه‌ركه‌ی سه‌رشانمان به‌ باشی جێبه‌جێ بكه‌ین و هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌ش ببێته‌ نمونه‌یه‌كی جوانی دیموكراسی بۆ ده‌ستاوده‌ستكردنی ئاشتییانه‌ی ده‌سه‌ڵات".
    له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك كۆمار ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌لێكی مێژویی گرنگه‌ و هیواخوازین ببێته‌ ده‌ستپێكێكی باش بۆ راستكردنه‌وه‌ی كه‌موكورتییه‌كانی پڕۆسه‌ی سیاسی و هه‌نگاونان روه‌و چاكسازی راسته‌قینه‌ كه‌ له‌ ئاست هیوا و خواسته‌كانی گه‌لی عێراقدا بێت بۆ گه‌یشتن به‌ ژیانێكی شكۆمه‌ندانه‌‌".
    سه‌رۆك به‌رهه‌م سوپاسی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كرد بۆ ئه‌و هه‌وڵ و كۆششانه‌ی له‌ پێناو رێكخستن و سه‌رخستنی پڕۆسه‌كه‌ پێی هه‌ستاون، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی دوپاتكرده‌وه‌ كه‌ پشتیوانیكردن له‌ سه‌ربه‌خۆیی كۆمیسۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌ركی هه‌موانه‌ تاوه‌كو بتوانێت رۆڵی ده‌ستوری خۆی بگێرێت له‌ ده‌سته‌به‌ركردنی هه‌ڵبژاردنێكی پاكوبێگه‌ردی دور له‌ هه‌مو ساخته‌كاری و ده‌ستتێوه‌ردانێك، سه‌رۆك كۆمار ئاماژه‌ی به‌ رۆڵی گرنگی نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان كرد بۆ پاڵپشتیكردنی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان، له‌پێناو ره‌خساندنی دۆخێكی گونجاو و له‌بار بۆ سه‌رخستنی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان".