هه‌رێمى كوردستان پلانى جێبه‌جێكردنى شه‌قام وپرۆژه‌كانى ئاو بۆ ناوچه‌ نوێیه‌كانى هه‌ولێر داده‌نێت

ناوخۆ
  • 23-08-2021, 17:28
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    وەزاره‌تى شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم،ئەمڕۆ دووشەممە،رایگەیاند، لەئێستادا بڕی 600 ملیۆن دینار و لە ئایندەیەكی نزیكدا 300 ملیۆن دیناری دیکە بۆ دروستکردنی شەقامی نێوان 5ی حەسارۆك و 8ی حەسارۆك تەرخان کراوە و لەئەمڕۆشەوە پرۆسەی گەیاندنی خزمەتگوزارییەکانی 8ی حەسارۆك دەستپێدەكات.
    ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر سەردانی زەوییەكانی 8ی حەسارۆكیان كرد و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی كه‌ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)ئاماده‌ى بوو رایگەیاند، فەرمانگە پەیوەندیدارەكان و شارەوانی سەرەتا كاری خاوێنكردنەوە و خۆڵكاری و دروستكردنی هەردو شەقامە گەورەكەی ناو هەشتی حەسارۆك دەكەن و دیزاینی ئاوەڕۆش دەدرێتە كۆمپانیایەك بۆ ئەوەی بەزوترین كات تەواوی بكات و ئەو هاوڵاتییانەیشی داخوازی دروستكردنی خانویان لە گەڕەكی 8ی حەسارۆك هەیە، لەئەمڕۆوە مۆڵەتەكانیان وەردەگیرێت و دەتوانن ئیش و كارەكانیان بكەن.
    ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەم قۆناغەی كاركردن، نزیكەی 600 ملیۆن دینار تەرخان كراوە و هەروەها لە ئایندەیەكی نزیكیشدا 300 ملیۆن دیناری دیكە بۆ جێبەجێكردنی شەقامی نێوان 5ی حەسارۆك و 8ی حەسارۆك لەسەر داهاتی شارەوانیی هەولێر تەرخان دەكرێت.
    وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئەوەشی خستەڕو، "دەمەوێت ئەوە ڕون بكەمەوە كە دوای ئەوەی لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆكی حكومەت هاتینە ئێرە (8ی حەسارۆك) و جەنانی سەرۆكی حكوومەتی فەرمانی كرد كە مۆڵەتی بینا بكرێتەوە و كاری پێویست ئەنجام بدرێت، لە ماوەی دو مانگدا كە فەرمانگەیەكی تایبەت بەو كەرتەمان داناوە بۆ وەرگرتنی مامەڵە و داواكارییەكانی هاوڵاتییان، بەڵام لە كۆی 20 هەزار پارچە زەوی كە نزیكەی 14 هەزاریان زەوی نیشتەجێبونن، تاوەكو ئێستا تەنیا 176 داواكاری پێدانی مۆڵەت لەلایەن هاوڵاتییانەوە دراوەتە فەرمانگەی 8ی حەسارۆك".