به‌غدا-اه‌ع
به‌رھه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆمار،ئه‌مڕۆ شه‌ممه،جه‌ختیكرده‌وه له گرنگى رۆڵی كۆمپانیا گه‌وره‌كانی ژاپۆن له دوباره بونیادنانه‌وه‌ی عێراق.
نوسینگه‌ى ڕاگه‌یاندنى سه‌رۆك كۆمار له راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه،بڵاویكرده‌وه"به‌رھه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆمار له كۆشكی سه‌لام له به‌غدا پێشوازیكرد له تۆشیمیتسو مۆتیجی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ژاپۆن".
ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه وتیشى"له‌و دیداره‌كه‌دا گفتوگۆكرا، له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه مێژویی و دۆستانه‌ی نێوان هه‌ردو وڵات، جه‌ختكرایه‌وه له‌گرنگی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌بواره جۆراوجۆره‌كان، به‌تایبه‌تی له روی ئابوری و بازرگانی و پیشه‌سازی و رۆڵی كۆمپانیا گه‌وره‌كانی ژاپۆن له دوباره بونیادنانه‌وه‌ی عێراق و گواستنه‌وه‌ی شاره‌زای ته‌كنه‌لۆجیا بۆ عێراق، ھه‌روه‌ھا پشتیوانی ژاپۆن بۆ عێراق به‌رزنرخێندرا".
ئاماژه‌یشیدا"له به‌شێكی دیكه‌ی له‌دیداره‌كه‌دا، سه‌رۆك كۆمار دوپاتیكرده‌وه له‌گرنگی چڕكردنه‌وه‌ی ھه‌وڵه‌كان له رێگای دیالۆگی جددی و كارا بۆ كۆتاییھێنان به قه‌یرانه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی بارگرژییه‌كان به ئاڕاسته‌ی پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیری ناوچه‌كه وه‌ك به‌رپرسیارێتییه‌كی گه‌وره‌ی ھه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی ھاوبه‌ش.
جه‌ختیشیكرده‌وه، له پێویستی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئاسته‌نگه ھاوبه‌شه‌كان، به‌تایبه‌تی ریشه‌كێشكردنی تیرۆر و توندره‌وی و گه‌نده‌ڵی ئیداری و دارایی و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ئاڵنگارییه ته‌ندروستییه‌كان و گۆرانكاری كه‌شوھه‌وا و پاراستنی ژینگه.