حه‌كیم:حكومه‌تى كازمى پێویستى به‌پشتیوانییه‌

سیاسی
  • 13-08-2021, 17:21
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    عه‌مار حه‌كیم،ئه‌مڕۆ هه‌ینى،هۆشداری له‌ داڕمانی سیسته‌می سیاسی له‌ عێراق دا و وتی: ئه‌گه‌ر ته‌وافوق و به‌رپرسیارێتی به‌مشێوه‌یه‌ شكستخواردووه‌ به‌رده‌وام بێت، سیسته‌می سیاسی له‌ عێراق تووشی هه‌ره‌سهێنان ده‌بێت و جه‌ختی كرده‌وه‌، دوو ره‌وت هه‌ن كه‌ ده‌بێت پشتیوانی له‌ ده‌وڵه‌ت بكه‌ن، یه‌كێكیان ره‌وتی حكومه‌تی داهاتوویه‌ و ئه‌وی دیكه‌شیان ئۆپۆزسیۆنه‌.
    حه‌كیم له‌میانه‌ی وته‌یه‌كدا له‌ گردبوونه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریدا به‌بۆنه‌ی مانگی موحه‌ڕه‌م له‌ ناوه‌ڕاستی به‌غدا،كه‌ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)ئاماده‌ى بوو وتی: "ده‌وڵه‌ت بونیاد نانرێت ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ سزا نه‌درێن كه‌ یاسا و سه‌روه‌رییه‌كه‌ی ده‌كه‌نه‌ ئامانج، هه‌روه‌ها حكومه‌تێكی به‌تواناش پێك ناهێنرێت ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد و پاك به‌ڕێوه‌نه‌چێت، هیچ خزمه‌تگوزاریه‌كیش نابێت، ئه‌گه‌ر كه‌سانی كه‌مته‌رخه‌م و شكستخواردوو سزا نه‌درێن. هه‌روه‌ك ناتوانرێت ده‌سته‌به‌ری رێز، كه‌رامه‌ت و ئاسایش بۆ هاووڵاتییان بكرێت، ئه‌گه‌ر تاوانباران و بكوژانی رۆژی رووناك ده‌ستگیر نه‌كرێن، ناشتوانرێت كارگه‌كان به‌كاربخرێنه‌وه‌ و كشتوكاڵ به‌ره‌وپێش ببرێت و ئابووری ببووژێنرێته‌وه‌ به‌بێ دادگاییكردنی گه‌نده‌ڵكاران و دزه‌كانی سامانی گشتی، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ به‌ده‌ستییه‌وه‌ ده‌ناڵێنین، بڕیارنه‌دان و نه‌بوونی به‌رپرسیارێتییه"‌.
    عه‌مار حه‌كیم داواشی له‌ كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان كرد، دوای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی داهاتوو، له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێردا ئه‌نجامه‌كان رابگه‌یه‌نێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كان شه‌فاف و پاك و بێ ساخته‌كاری بن و هیچ گومانێكیان نه‌كه‌وێته‌ سه‌ر.
    وتیشی: ئه‌نجامه‌كان هه‌رچیه‌ك بن، پێویسته‌ په‌له‌ له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتوو بكرێت و ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ی له‌ پرۆسه‌كه‌دا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستده‌هێنێت، به‌رپرسیارێتی ئه‌و ئه‌ركه‌ بگرێته‌ ئه‌ستۆ و له‌ كاتێكی دیاریكراوی رووندا كارنامه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی بخاته‌ڕوو و له‌ كۆتایی هه‌ر سالێكیش پێداچوونه‌وه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی كارنامه‌كه‌ی بكات.
    حه‌كیم دووپاتیكرده‌وه‌، "ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه‌ ببینه‌ وڵاتێكی خاوه‌ن سه‌روه‌ریی ته‌واو و خاكێك كه‌ هێزه‌ بیانییه‌كان هیچ بوونێكیان تێدا نه‌بێت، به‌تایبه‌ت هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، وێڕای رێز و سوپاسمان بۆ ئه‌و هێزانه‌ی له‌كاتی شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆر هاوكاری عێراقیان كرد" و گوتی: "من له‌و باوه‌ڕه‌دام حكومه‌تی كازمی ده‌یه‌وێت هه‌نگاو به‌و ئاراسته‌یه‌ بنێت، به‌ڵام پێویستی به‌ پاڵپشتی سیاسی و گه‌ل هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئامانجه‌ی بپێكێت".
    ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی عێراق بۆ دووباره‌ بونیادنانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر و ناوچه‌كه‌ و جیهان، بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی‌ عێراق ببێته‌ گۆڕه‌پانی لێكتێگه‌یشتنه‌كان و رێككه‌وتن و گفتوگۆ هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، نه‌ك گۆڕه‌پانێك بۆ ململانێ و یه‌كتربڕه‌ وێرانكاره‌كان‌"، جه‌ختیشی له‌سه‌ر پێویستی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ به‌دیاریكراویش (عێراق، ئێران، سعوودیه‌، توركیا و میسر) بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ كرده‌وه‌ و گوتی: لێكتێگه‌یشتنی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئێستا و ئاینده‌ی گه‌لانی هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌كات.
    هه‌روه‌ها وتی: "ئێمه‌ له‌به‌رده‌م قۆناغێكی گرنگین، یان ئه‌وه‌تا ده‌بێت ببینه‌ خاوه‌ن وڵاتێكی به‌هێز و حكومه‌تێكی بوێر كه‌ بتوانێت خواسته‌كانی خه‌ڵك جێبه‌جێ بكات، یانیش ده‌كه‌وینه‌ به‌رده‌م ئاینده‌ و چاره‌نووسێكی نادیار كه‌ هه‌موومان ده‌خاته‌ به‌ر مه‌ترسییه‌كی راسته‌قینه‌".