سه‌رۆك كۆمار بۆ سه‌رۆكى ئێران:عێراق پشتیوانی دەکات لە پاراستنی سەقامگیری و ئارامی ناوچەکە

سیاسی
  • 5-08-2021, 11:17
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    بەرهەم ساڵح سه‌رۆك كۆمار،ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، سەردانی تارانی کرد و لەگەڵ سەرۆکی نوێی ئەو وڵاتە کۆبوەوە.
    بەگوێرەی راگەیەنراوی سەرۆکایەتی کۆمار،كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه‌،"دکتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆمار لە تاران لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری نوێی ئێران کۆبوەوە.
    بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، کۆبونەوەکە بەئامادەبونی هەردو وەزیری دەرەوەی عیراق و ئێران و ژمارەیەک لە گەورە بەرپرسانی هەردو وڵات بەڕێوەچوە و سەبارەت بە دۆسێ هاوبەشەکانی نێوان هەردو وڵاتی دراوسێ و پتەوکردنی پەیوەندییەکان و گۆڕانکارییەکانی  ناوچەکە گفتوگۆکرا.
    لە سەرەتای کۆبونەوەکەدا سەرۆک بەرهەم پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی ئیبراهیم رەئیسی کرد بەبۆنەی دەستبەکاربونی وەک سەرۆک کۆماری نوێی ئێران و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکانیدا، هەروەها ئومێدی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی زیاتری بۆ گەلی ئێرانی دۆست خواست، هاوکات سوپاسی خۆشی دوپاتکردەوە بۆ بانگهێشتکردنی بۆ ئێران، لەبەرامبەردا سەرۆکی ئێران بەگەرمی بەخێرهاتنی سەرۆک بەرهەمی کرد بۆ تاران.
    هەر لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان هەردو وڵاتی دراوسێ کە پەیوەندییەکی مێژویی هاوبەشی گرنگە و بەیەکەوەیان دەبەستێتەوە لە روی کۆمەڵایەتی و ئاینی و فەرهەنگی و جوگرافی و رۆشنبیری، هەروەها باس لەوەش کرا کە پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان سودی بۆ هەردو وڵات و تەواوی ناوچەکە هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش جەختکرایەوە لەپێویستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاجیاکان و کاراکردنی لێکتێگەیشتن و رێککەوتننامە هاوبەشەکانی نێوان هەردو وڵات لە سەرجەم بوارەکاندا، بەتایبەتی ئابوری و بازرگانی.
    لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا سەرۆک کۆمار  پشتیوانی ئێرانی بۆ عێراق بەرزنرخاند، بەتایبەتی لە جەنگی دژ بە داعش، هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد کە عێراق پشتیوانی دەکات لە پاراستنی سەقامگیری و ئارامی ناوچەکە و کۆتای هێنان بە تەنگژەکانی ناوچەکە، بۆیە کار دەکات لە پێناو ئەوەی عێراق ببێتە گۆڕەپانێک بۆ بەیەکگەیشتنی بەرژەوەندییەکانی سەرجەم گەلانی ناوچەکە.
    سەرۆک بەرهەم جەختیکردەوە کە ناوچەکە پێویستی بە لە یەکگەیشتن و هەماهەنگیکردن و چڕکردنەوەی هەوڵەکانە بە پشتبەستن بە دیالۆگی بونیاتنەرانە لەپێناو هێنانەدی سەقامگیری بۆ تەواوی ناوچەکە و بەرەنگاربونەوەی زۆرێک لەو ئاستەنگانەی کە روبەڕوی وڵاتانی ناوچەکە دەبێتەوە، گرنگترینیان بەگژاچونەوەی تیرۆر و قەیرانی تەندروستی و پەتای کۆرۆنا و مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و پاراستنی ژینگەیە، هەروەک دوپاتیکردەوە کە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق بنەمایەکی گرنگی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەیە و فاکتەرێکیشە بۆ پێکەوە بەستنەوەی ئابوری.
    لای خۆشییەوە، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران جەختیکردەوە لە پتەوکردنی پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان ئێران و عێراق لە کەرتە جیاجیاکاندا، بەتایبەتی لە روی کۆمەڵایەتی و ئاینی و کەلتورییەوە، هاوکات پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق دوپاتکردەوە، هەوڵەکانی عێراقیشی بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و ئارامی وڵاتانی ناوچەکە بەرزنرخاند.