بهغدا-اهع
لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا ،ئەمڕۆ شەممە، چەند ڕێکار و بڕیارێکی نوێی بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئەو پەتایە ڕاگەیاند .
هەڤاڵ ئەبو بەکر پارێزگاری سلێمانی سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا ،لە نوسراوێکدا کە دەستی ئاژنسی هەواڵی عێراقی(اەع)کەوتوو رایگەیاند:"پێویستە هەموو چالاکییەکی سیاسی و ئەدەبیی و هونەریی و ڕێکخراوەیی و کۆمەڵایەتی کە دەبنە مایەی تێکەڵاوبوون و بەریەککەوتن تا تێپەڕاندنی شەپۆلی نوێی کۆرۆنا ڕابگیرێن".
ئاماژەی بەوەکرد"پێویستە هاووڵاتیان پابەندی تەواوی ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان بن، بەتایبەتی بەکارهێنانی ماسک و پاراستنی دووریی نێوانیان و دوورکەوتنەوە لە هەر بەریەککەوتن و کۆڕو کۆبوونەوەو قەرەباڵغییەک".
باسی لەوەشکرد"- پێویستە هاووڵاتیان ڤاکسینی پێویست وەربگرن وەک ڕێگایەکی پەسەندکراوی نێودەوڵەتیی بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی پەتاکەو دوورخستنەوەی مەترسیی مردن لە تووشبووانی کۆرۆنا.
پێویستە هەموو کارمەندانی فەرمانگە دەوڵەتیەکان و کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت پابەندی تەواوی ڕێکارە تەندروستی و خۆپارێزییەکان بن و ڕێگا بە هیچ هاووڵاتییەک نادرێت بەبێ پابەندبوون بەم ڕێکارانەوە سەردانی ئەم دامودەزگایانە بکات".
لە نوسراوەکەدا هاتووە"پێویستە دەزگاکان و دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن وەک هەمیشە هاوکارو هەماهەنگ بن لە هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان بۆ پابەندبوون بە خۆپارێزیی و بەکارهێنانی ڤاکسینی دژ بە پەتای کۆرۆنا"،ئاماژەبەوەکرا"پارێزگای سلێمانی هاوکارو هەماهەنگیی تەواوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی پارێزگای سلێمانی دەبێت بۆ زیادکردنی ژمارەی ئەوکەسانەی لە ڕۆژێکدا ڤاکسین وەردەگرن بۆ ڕێژەیەکی گونجاو".