سه‌رۆك كۆمار و عه‌له‌وى جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌ له‌پێویستى فراوانكردنى ئاسۆى هاریكارى نێوان عێراق وئێران

سیاسی
  • 14-07-2021, 16:30
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمار و مەحمود عەلوی وه‌زیری ئاسایشی نیشتمانی ئێران،ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، جه‌ختیانكرده‌وه‌ له‌پێویستى فراوانكردنى ئاسۆى هاریكارى نێوان عێراق وئێران .
    نوسینگه‌ى راگه‌یاندنى سه‌رۆكایه‌تى كۆمار له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع) كه‌وتووه‌ رایگه‌یاند:" سه‌رۆك كۆمار لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە مەحمود عەلوی، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئێران.
    لە سەرەتای دیدارەکەدا مەحمود عەلوی پرسە و سەرەخۆشی سەرکردایەتی ئێرانی گەیاندە سەرۆک بەرهەم و گەلی عێراق، بەھۆی کارەساتی ئاگرکەوتنەوەی نەخۆشخانەی حوسێن لە ناسریە.
    لەو دیدارەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ و گرنگی پەرەپێدانی بۆ ئاستێکی بەرزتر لە سەرجەم بوارە جیاجیاکان، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو وڵات و هەموو ناوچەکە بکات، 
    سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەسەر قووڵیی پێوەندییە مێژووییەکانی نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران و پێویستی فراوانکردنی ھاریکاری دووقۆڵیی نێوان هەردوو وڵات لە سەرجەم بوارەکاندا، ھاوکات دووپاتیکردەوە کە عێراقێکی تواناداری خاوەن سەروەری و سەقامگیر و پاراستنی پەیوەندییە ھاوسەنگەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە دەبێتە فاکتەرێک بۆ سەقامگیری و بەیەکگەیشتی بەرژەوەندیی هاوبەشی وڵاتانی ناوچەکە، ھەروەک دەببێتەمایەیی بەھێزکردنی سەقامگیری و ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکەدا، ھەروەھا پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە عێراق بەرزنرخاند، بە تایبەتی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و داعش.
    لای خۆییەوە وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئێران جەختی لەسەر گرنگی پەیوەندیی نزیکی نێوان هەردوو وڵات و گەل کردەوە و پشتیوانی سەرکردایەتیی ئێرانی دووپاتیکردەوە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و پتەوکردنی هەماهەنگی دووقۆڵی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی و چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا.