كازمی: نابێت عێراق بكرێته‌ گۆڕه‌پانی ململانێكان

سیاسی
  • 30-06-2021, 18:45
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ سكرتێری گشتی ناتۆ رایگه‌یاند، عێراق نابێت بكرێته‌ گۆڕه‌پانی ململانێكان یاخود بكرێته‌ مینبه‌رێك بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر دراوسێكانی.
    به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیران كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه‌، ئه‌مڕۆ مسته‌فا كازمی له‌ باره‌گای ناتۆ له‌ برۆكسلی پایته‌ختی به‌لجیكا، له‌گه‌ڵ ینس تولتینبێرگ سكرتێری گشتی ناتۆ كۆبوه‌وه‌ و له‌دیدارێكدا باس له‌ په‌یوه‌ندیی و هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌شی نێوان عێراق و وڵاتانی ناتۆ له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌كانی سیاسی و ئابوری و ئه‌منی و بازرگانی كرا، هه‌روه‌ها ڕێوشوێنه‌كانی فراوانكردنی چوارچێوه‌ی ئه‌ركی ناتۆ له‌ عێراق به‌ پێی كاره‌ له‌پێشینه‌كان و به‌هه‌ماهه‌نگی پێشوه‌خت له‌گه‌ڵ حكومه‌ت ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ بو.
    مسته‌فا كازمی جه‌ختی له‌ گرنگی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق و ناتۆ كرده‌وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی عێراق و سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ و جیهان و رایگه‌یاند، نابێت عێراق بكرێته‌ گۆڕه‌پانی ململانێكان یاخود بكرێته‌ مینبه‌رێك بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر دراوسێكانی.
    سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ئاماژه‌ی به‌ گرنگی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ناتۆ له‌ڕوی پشتیوانیكردنی كارامه‌یی و توانای هێز و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی عێراق به‌ هه‌مو جۆره‌كانییه‌وه‌ كرد و وتیشی، "له‌ئێستادا پێویستمان به‌هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی هه‌یه‌ بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئه‌منیه‌ت بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت، هه‌روه‌ها به‌هێزكردنی توانای هێزه‌ ئه‌منیه‌كان بۆ پاراستنی عێراق له‌ دژی هێرشی تیرۆریستی و تاوانكاری".
    له‌لای خۆشیه‌وه‌، ینس تولتینبێرگ سكرتێری گشتی ناتۆ، ستایشی ڕۆڵ و هه‌وڵ و سه‌ركردایه‌تی گه‌وره‌ی عێراقی كرد له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌و ئاسته‌نگه‌ گه‌ورانه‌ی ڕوبه‌ڕوی عێراق و ناوچه‌كه‌و جیهان ده‌بنه‌وه‌.
    جه‌ختیشی له‌سه‌ر پشتیوانیكردنی عێراق له‌لایه‌ن وڵاتانی ناتۆ كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، "عێراق ده‌توانێت پشت به‌ پاڵپشتی ناتۆ و ده‌وڵه‌ته‌كانی بۆ حكومه‌ت ببه‌ستێت".
    هه‌روه‌ها پیرۆزبایی له‌ حكومه‌تی عێراق كرد به‌بۆنه‌ی پێشكه‌وتنه‌كانی له‌ شه‌ڕی دژی چه‌ته‌كانی داعش و گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان و سه‌پاندنی پایه‌ و یاسای ده‌وڵه‌ت، ئاماده‌یی خۆشی ده‌ربڕی بۆ فراوانكردنی هه‌ماهه‌نگی نێوان عێراق و ناتۆ.
    سكرتێری گشتی ناتۆ ئاشكراشیكرد، ئه‌ركی هێزه‌كانیان له‌ عێراق شه‌ڕكردن نیه‌، به‌ڵكو ڕاهێنان و ڕاوێژكارییه‌ و هه‌ر فراوانكردنێكی چوارچێوه‌ی ئه‌و ئه‌ركه‌ش به‌پێی داوا و په‌سه‌ندكردن و ئه‌وله‌ویاتی حكومه‌تی عێراق ده‌بێت.