وته‌بێژى فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌چه‌كداره‌كان:هێرشه‌كه‌ى ئه‌مریكا بۆ سه‌ر سنور پێشێلكارییه بۆ سه‌روه‌ری عێراق

ئەمنی
  • 28-06-2021, 12:12
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    یه‌حیا ره‌سوڵ وته‌بێژى فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌چه‌كداره‌كان،ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌،رایگه‌یاند هێرشه‌كه‌ى ئه‌مریكا بۆ سه‌ر سنور پێشێلكارییه بۆ  سه‌روه‌ری  عێراق.
    ره‌سوڵ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع) كه‌وتووه‌ رایگه‌یاند:" سه‌ركۆنه‌ى هێرشه‌ ئاسمانییه‌كه‌ی دوێنێ شه‌وی‌ ئه‌مریكا بۆسه‌ر پێگه‌یه‌ک له‌سه‌ر سنووری‌ عێراق و سووریا ده‌كەین".
    ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد"به‌پێی‌ هه‌موو په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، هێرشه‌كه‌ پێشێلكارییه‌كی قبووڵنه‌كراوی سه‌روه‌ری و ئاسایشی نیشتمانیی عێراقه‌".
    جه‌ختیكرده‌وه‌ "جارێكی‌ تر عێراق ره‌تیده‌كاته‌وه‌ ببێته‌ گۆڕه‌پانێک بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان و ده‌ست به‌ مافی سه‌پاندنی سه‌روه‌ریی خۆی له‌سه‌ر خاكی خۆی ده‌گرێت؛ له‌گه‌ڵ رێگه‌گرتن له‌ به‌كارهێنانی خاكی وه‌ک گۆڕه‌پانێک بۆ په‌رچه‌كردار و ده‌ستدرێژی، داوای هێوركردنه‌وه‌ و خۆبه‌دوورگرتن له‌ هه‌موو جۆره‌ ئاڵۆزكردنێک ده‌كه‌ین".
    راشیگه‌یاند "دڵنیایی ده‌ده‌ین عێراق لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كات و رێكار ده‌گرێته‌به‌ر و په‌یوه‌ندی پێویست ئه‌نجامده‌دات له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا بۆ رێگه‌ گرتن له‌ روودانی ئه‌و جۆره‌ پێشێلكارییانه‌".