بهغدا-اهع
بهرههم ساڵح سهرۆك كۆمار،ئهمڕۆ یهكشهممه،جهختیكردهوه ھاریکاری عێراق و میسر و ئوردن وەرچەرخانێکی گرنگە بهرهو ئاسۆى ئاشتى.
نوسینگهى راگهیاندنى سهرۆك كۆمار له راگهیهندراوێكدا كه دهستى ئاژانسى ههواڵى عێراقى(اهع) كهوتووهرایگهیاند:" سهرۆك بهرههم لەکۆشکی بەغدا لەسەر شەرەفی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و شا عەبدوڵای دووەم، پادشای ئوردن نێوەرۆ خوانێکی سازکرد، کەتێیدا سەرۆک کۆمار پێشوازی گەرمی خۆی ئاڕاستەی میوانەکان کرد و رایگەیاند ئەم سەردانە پشتیوانییەکی گەورەیە لە گەلی عێراق و دەوڵەتی عێراق".
لە نێوەرۆ خوانەکەدا کە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران و محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و دادوەر فایەق زیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئامادەیبون سەرۆک کۆمار رایگەیاند، زۆر خۆشحاڵم کە لە بۆنەیەکی وا گرنگدا کۆدەبینەوە بۆ بەخێرھاتنی میوانە ئازیزەکانمان، ھەروەھا تەئکیدی لەسەر گرنگی چڕکردنەوەی ھەوڵەکان بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەر سێ وڵات لە پێناو بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی ھەرسێ گەل و تەواوی ناوچەکە کردەوە.
سەرۆک بەرھەم راشیگەیاند" ھاریکاری عێراق و میسر و ئوردن وەرچەرخانێکی گرنگە لەناوچەکەدا دوای کەلەکەبونی تەنگژە و قەیران و ناکۆکییەکان بۆ ماوەیەکی زۆر، ھەروەھا ھەنگاوێکی گرنگە روەو چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و هاوکاریی ئابوری و پشتبەستن بەدیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و روبەڕوبونەوەی ئاستەنگەکان بەتایبەتی ریشەکێشکردنی تیرۆر و توندڕەوی و بەهێزکردنی ھاوبەشی ئابوری و بازرگانی و دابینکردنی ھەلی کار بۆ گەلەکەمان بەتایبەتی تر گەنجان".
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە"لەگرنگی بەهێزکردنی ئاستی هاوئاهەنگیی نێوان هەر سێ وڵات و سودوەرگرتن لە پەیوەندی جوگرافی بۆ فراوانکردنی هاریکاری لە بوارەکانی ئابوری و بازرگانی و گەشەپێدان و بونیاتنانی ژێرخانی ئابوری و پڕۆژەکانی وزە و نەوت، هەروەها ھەماھەنگی بۆ بەرنگابونەوەی ئاستەنگە جۆراوجۆرەکان بەتایبەتی شەڕی دژی تیرۆر و توندڕەوی و کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا و گۆڕانی کەش و هەوا و پاراستنی ژینگە، ھاوکات بەگرنگییەوە باسی لەپێویستی بەردەوامبونی کۆبونەوەکان کرد بۆ وەرگرتنی ھەڵوێست لەسەر بابەتە گرنگەکانی پەیوەست بە ناوچەکە و بەهێزکردنی هاریکاری سێ لایەنە".
دوپاتیکردەوە کە "عێراقێکی خاوەن ئاسایش و سەقامگیر و سەروەری و پەیوەندییە ھاوسەنگەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و گێڕانەوەی رۆڵی محوەری بنەمایەکی گرنگە بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەپێدان لە هەمو ناوچەکەدا. هەروەها بەگرنگییەوە ئاماژەیکرد بە پێویستی هاوئاهەنگیی هاوبەشی نێوان ھەرسێ وڵات بۆ کەمکردنەوەی بارگرژییەکان و چەسپاندنی سەقامگیریی ناوچەکە و دۆزینەوەی چارەسەری پێویست بۆ قەیرانەکان".