اه‌ع راگه‌یه‌ندراوى لوتكه‌ى سێ قۆڵى به‌غدا بڵاوده‌كاته‌وه‌

سیاسی
  • 27-06-2021, 18:18
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع) راگه‌یه‌ندراوى لوتكه‌ى سێ قۆڵى به‌غدا بڵاوده‌كاته‌وه‌. 
    جەختیان لەبەردەمی کاری هاوبەش و هەماهەنگی سێ لایەنە کردوەتەوە، هەروەها پشتیوانی خۆیان بۆ هەوڵەکانی حکومەتی عێراق لەچارەسەرکردنی قەیرانەکان، هەوڵەکانی چاکسازی، سەپاندنی دەسەڵاتی یاسا و دەستوەرنەدان لەکاروباری ناوخۆی وڵات دوپاتکردوەتەوە. 
    لەراگەیەنراوی کۆتاییهاتنی لوتکەی عێراق، ئوردن و میسردا هاتوە، لەکۆبونەوەکەی ئەمڕۆدا کەدرێژکراوەی دو کۆبونەوەی دیکەی لوتکە بو، شا عەبدوڵای دوەم پادشای ئوردن و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسر پێزانینیان هەبو بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکانی حکومەتی عێراق لەجێگیرکردنی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە و هەوڵەکانی لەنزیک کردنەوەی بۆچونە جیاوازەکان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکانی ناوچەکە، هەروەها پشتیوانی خۆشیان بۆ بەغدا دوپاتکردەوە لە هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر.
    ئەوەش هاتوە، قاهیرە و عەممان هەوڵەکانی حکومەتی عیراقیان بەگرنگزانی لەئەنجامدانی پرۆسەی چاکسازی و چاکسازی دارایی کەبەهۆیەوە عێراق توانی بەرەنگاری قەیرانی دارایی لەئەنجامی دابەزینی نەوت و بڵابونەوەی کۆرۆنا ببێتەوە و جارێکی دیکە پرۆسەی گەشەپێدانی دەستپێکردەوە، هەروەها پشتیوانی خۆیان بۆ ئامادەکارییەکانی حکومەت بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق دەربڕی و هیوای سەرکەوتنی پرۆسەکەیان خواست، بەجۆرێک هاوڵاتیانی عێراق بتوانن بە شەفافیەت و ململانێیەکی دادپەروەرانە نوێنەرانی خۆیان دیاری بکەن.
    ئەوەش خراوەتەڕو، عێراق و ئوردن پشتیوانی هەڵوێستەکانی میسر دەکەن لەبەرامبەر بەنداوی نەهزە و گەرەنتیکردنی پشکی قاهیرە لەئاوی روباری نیل، هەروەها لەپرسی فەڵەستیندا هەرسێ وڵات بەپێویستی دەزانن لەهەمو پرۆسەیەکی گشتگیردا رەچاو مافی بەدەوڵەتبونی فەڵەستین بەگوێرەی سنورەکانی ساڵی 1967  بکرێت و ئیسرائیلیش هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەی جولەکەنشین لەسەر خاکی فەڵەستین رابگرێت، هەروەها هەوڵەکانی ئوردن بەرزدەنرخێنن بۆ راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەزە و راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان بزوتنەوەی حەماس و حکومەتی ئیسرائیل.