سیسی ستایشى هه‌وڵه‌كانى عێراق ده‌كات له‌ پته‌وكردنى ئاسایش و سه‌قامگیرى وبەرەنگاربووەی تیرۆر

سیاسی
  • 27-06-2021, 10:57
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆمار، ئەمڕۆ یەکشەممە ، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لە مەراسیمێکی فەرمی و بە گەرمی پێشوازیکرد لە عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسر و لەمیانی دیدارێکیشدا رایگەیاند، پەیوەندییەکانی عێراق و میسر مێژوین و بەهێزکردنیان خزمەتی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەکات. 
    بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی كۆمار كه‌ ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع) كه‌وتووه‌ رایگه‌یاند:" سەرۆک کۆمار و هاوتا میسرییەکەی کۆبونەوەیەکی دو قۆڵییان ئەنجامدا و تێیدا سەرۆک بەرھەم بەگەرمی بە خێرھاتنی سەرۆک سیسی کرد، و جەختیکردەوە کە سەردانەکە هەنگاوێکی گرنگ و گەورەیە بۆ پشتیوانیکردن لە عێراق و پتەوکردنی پەیوەندییە دوقۆڵییەکان، ھاوکات دوپاتیکردەوە لە بەھێزکردن و گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردو گەل و وڵات و رایگەیاند، عێراق و میسر پەیوەندیی مێژویی هاوبەشیان هەیە، ھەروەھا باوەشیان بۆ کۆنترین شارستانییە ناسراوەکانی مرۆڤایەتیی لە دۆڵی میزۆپۆتامیا و دۆڵی نیل کردوەتەوە".
    لەکۆبونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی هەماهەنگی سێقۆڵی نێوان عێراق و میسر و ئوردن، و جەختکرایەوە لەگرنگی بەهێزکردنی ھاریکاری بۆ ئاستێکی باڵاتر و سود وەرگرتن لە پەیوەندی جوگرافی لە پتەوکردنی ھەماھەنگی فراوانتر لە بوارەکانی ئابوری و بازرگانی و گەشەپێدان، هەروەها دامەزراندنی پڕۆژەکانی ژێرخانی ئابوری و گواستنەوەی وزە و راکێشانی بۆرییە نەوتییەکان و چڕکردنەوەی ھەوڵەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و توندڕەوی و لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا و گۆڕانکاری کەشوهەوا و پاراستنی ژینگە، جەختشکرایەوە لەگرنگی بەردەوامبونی کۆبونەوەکان بۆ یەکخستنی هەڵوێستەکان و بەهێزکردنی هاوکاری سێقۆڵی.
    لە بەشێکی دیکە کۆبونەوەکەدا باس لەپەرەسەندنەکانی ناوچەکە کراو ئاماژە بە رۆڵی گرنگی میسر کرا لەناوچەکەدا، و تەئکیدیشکرایەوە کە عێراقێکی ئارام و سەقامگیر و خاوەن سەروەری و رۆڵی گرنگی لەناوچەکەدا بنەمایەکی گرنگە بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەپێدانی هەمو ناوچەکە، هەروەها ئاماژەشکرا بەگرنگی هاوئاهەنگیی هاوبەشی سێقۆڵی بۆ هێورکردنەوەی بارگرژییەکان و بەرزکردنەوەی سەقامگیریی ھەرێمایەتی و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ قەیرانەکانی سوریا و یەمەن و لیبیا.
    لەلای خۆیەوە سەرۆک سیسی خۆشحاڵی خۆی بەسەردانی بەغدا دەرببڕیت و هەوڵەکانی عێراقی لەچەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و توندڕەوی و روبەڕوبونەوەی ئاستەنگە جۆراوجۆرەکانی بەرزنرخاند، ھەروەھا پشتیوانی میسر بۆ عێراق و گرنگیی کارکردن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات و بەهێزکردنی هەماهەنگی سێقۆڵی لەنێوان میسر و عێراق و ئوردن دوپاتکردەوە.