راوێژكارى كازمى دوو مه‌رج دیارى ده‌كات بۆ لادانى سێ سفره‌كه‌ى دراوى عێراقى

سیاسی
  • 20-06-2021, 19:00
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د سالج راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیران،ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، ڕایگەیاند حكوومەتی فیدراڵی بە نیازی لادانی سێ سفرە لەسەر دراوی دینار، بەڵام ئەم كارە بە دوو مەرج جێبەجێ دەكرێت.
    ساڵح به‌ ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)راگەیاند:" دوو مەرج هەیە بۆ جێبەجێكردنی پلان و بیرۆكەی لادانی سێ سفر لەسەر دیناری عێراقی، چونكە لادانی ئەم سفرانە بەشێكە لە ستراتیژییەتی چاكسازیكردن لە سیستەمی دراو و نەختینە لە عێراقدا".
    وتیشى" بانكی ناوەندی دەمێكە پرۆژەی لادانی سێ سفرەكەی بە مەبەستی چاكسازیكردن لە سیستەمی نەختینە پێشكەش كردووە، ئەمەش بە هۆی مانەوە و بەردەوامبوونی قورسایی پاشماوەی كاریگەریی ئابڵوقەی ئابوورییە لەسەر عێراق، كە لە ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا بەسەر عێراقدا سەپێندرابوو".
    ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد" كە لێكۆڵینەوەیان لە ٥٤ ئەزموونی نێودەوڵەتی لە دوای شەڕی دووەمی جیهانیەوە كردووە لەبارەی دەستكاریكردنی سفرەكانی سەر دراوەوە، بە زۆرییش گۆڕانكارییەكان بوونەتە هۆی ئەوەی دراوی ئەو وڵاتانە كاراتر بن، دواهەمین ئەزموونەكانیش ئێران و توركیان".
    راوێژكارى سه‌رۆك وه‌زیران  لەبارەی لادانی سفرەكانی سەر دیناری عێراقیشەوە باسی لە بەدیهاتنی دوو مەرج كردووە، مەرجی یەكەمیان ئەوەیە كە دەبێت سەقامگیری نرخ و گەشەی ئابوورییی جیهانی دەستەبەر بێت، دووەم مەرجیش بریتیە لە سەقامگیری ژیانی سیاسیی وڵاتەكە.
    ئاماژەى بەوەدا" كە لە دوای بەدیهاتنی ئەم دوو مەرجانە، دەشێ سفرەكانی سەر دیناری عێراقی لابدرێت و یەكەی دراوەكە بچوك بكرێتەوە، تا ژمارەی هەژمارەكانیش دابەزن و ئاسانتر مامەڵە بە دینارەوە بكرێت، بۆ ئەوەی چیتر بەهای یەك دیناری جاران لەژێر ناو و دراوی یەك هەزار دیناری ئێستا مامەڵەی پێوە نەكرێت، یاخود ٢٥٠ فلسی جاران چیتر ٢٥٠ دیناری ئێستا نەمێنێت، كە ئێستا ٢٥٠ دیناری عێراقی وەك كەمترین یەكەی دراو لە عێراقدا مامەڵەی پێوە دەكرێت و بەهای هەرزانترین شت گەیەندراوەتە ٢٥٠ دینار، ئەمەش زیانی زۆری بە هاووڵاتییان گەیاندووە، بەتایبەتییش بە چینی هەژارانی وڵاتەكە".