بهغدا-اهع
بهرههم ساڵح سهرۆك كۆمار،ئهمڕۆ یهكشهممه، جهختیكردهوه له گرنگی گەشەپێدانی سیاسەتی دانیشتووان وبە ئامانجی گەشەپێدانی بەردەوام.
نوسینگهى راگهیاندنى سهرۆك كۆمار له راگهیاندراوێكدا كه دهستى ئاژانسى ههواڵى عێراقى(اهع) كهوتووه رایگهیاند:"سهرۆك بهرههم لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە شاندێکی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان بەسەرۆکایەتی ئیپ پیتەرسن، یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندوقی دانیشتووان لە نەتەوە یەکگرتووەکان".
لە دیدارەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان کرا، لەرێگەی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و دامەزراوە حکومییەکان و گرنگی پەرەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان سەبارەت بەگەشەپێدانی دانیشتووان.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە"کە وڵات رووبەڕووی کێشەی تیرۆر و دەرئەنجامەکانی قەیرانی ئاوارەبوونی ناوخۆیی و کۆمەڵایەتی و دانیشتووان بووەتەوە، بۆیە گرنگە پشتیوانی و هاوکاری پێویست بۆ ئاوارەکان دەستەبەر بکرێت لە کەمپەکانی ئاوارەبوون، ھەروەھا دووپاتیکردەوە لەگرنگی گەڕانەوەی خۆبەخشانەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆیان".
سەرۆک بەرھەم ئاماژەی بەگرنگی گەشەپێدانی سیاسەتی دانیشتووان کرد بە ئامانجی گەشەپێدانی بەردەوام، لەسەر بنەمای دانیشتووان، بەتایبەتی گەنجان کە گەورەترین رێژەی دانیشتووان پێکدێنن، ھەروەھا نوێنەرایەتی هێزی کاری گرنگ دەکەن بۆیە پێویستە سوودیان لێوەرگێرێت و دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت تاوەکو لە بازاڕی کاردا یەکبخرێن، هاوکات ئاماژەی کرد بە پێویستی پشتیوانیکردن لە ژنان و کۆتایی ھێنان بەو توندوتیژییەیی بەرامبەریان دەکرێت و زامنکردنی تەواوی مافەکانیان.