بەغدا – ا ه ع فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆمار تەئكیدی لەسەر گرنگی رۆڵی فەرەنسا كردەوە لەپشتیوانیكردنی لەعێراق لەشەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش، پێشوازیشی لەسەردانی داهاتووی سەرۆكی فەرەنسا كرد بۆ عێراق. لەوبارەیەوە لە بەیاانامەیەكدا كە وێنەیەكی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە (ا ه ع) نێردراوە، سەرۆكایەتی كۆمار رایگەیاند: فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆكار لە كۆشكی ئاشتی پێشوازیكرد لە جان ئیف لۆردیان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە كۆبونەوەیەكدا تاوتوێی رێگەكانی پتوكردنی پەیوەندی هاوكاری نێوان هەردوو وڵاتیان كرد، بەتایبەت لە بوارەكانی ئابوری و وەبەرهێنان و ئەكادیمی. هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە عێراق پێویستی زۆری بە شارەزایی فەرەنسا هەیە لە پاراستنی ناوچە شوێنەوارەكان و تەئكیدیشی لەسەر بەهێزی پەیوەندییەكانی نێوان هەر دوو گەل كردەوە. لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پابەندی وڵاتەكەی پیشاندا بە پشتیوانی كردنی گەلی عێراق و رێزگرتن لەسەروەری و یەكێتی خاكەكەی و سیستمی دیموكراتی لە وڵاتدا، ئامادەیی وڵاتەكەشی پیشاندا بۆ فەراوانكردنی مەودای هاوكارییەكانی نێوان هەر دوو ووڵات لەسەرجەم بوارەكاندا بە تایبەت لەدووبارە ئاوەدانكردنەوەی عێراق.