وه‌زیرى ناوخۆ له‌گه‌ڵ شاندێكى ئه‌منى هه‌رێم سێ دۆسییه‌ تاوتوێده‌كات

ئەمنی
  • 17-06-2021, 12:44
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    عوسمان غانمى وەزیرى ناوخۆ،ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌،له‌گه‌ڵ شاندێكى ئه‌منى هه‌رێم سێ دۆسییه‌ى تاوتوێكرد.
    وەزاره‌تى ناوخۆ لەڕاگەیەنراوێکدا كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه‌ ڕایگه‌یاند"عوسمان غانمى وەزیرى ناوخۆ پێشوازى لەشاندێکى باڵاى هەرێمى کوردستان کردووە کە پێکهاتبوون لە ژمارەیەک لەبەرپرسانى ئەمنیى و پێشمەرگە لەناویاندا جەبار یاوەر  ئەمیندارى گشتى وەزارەتى پێشمەرگە".  
    بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، لەکۆبونەوەیەکدا لەگەڵ ئەو شاندە کۆمەڵێک پرس تاوتوێ کراوە کە جێى بایەخى هەردوولا بووە لەوانە هەماهەنگى و هاریکارى بۆ پتەوکردنى دۆخى ئەمنیى بەتایبەت لەو ناوچانەى کە هێزە هاوبەشەکانى فیدراڵ و پاسەوانى سنورى هەرێمى تێدایە.  
    ئەوەش خراوەتە ڕوو، هەر لەو کۆبونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر پتەوکردنى ئۆقرەیى لەناوچە سنورییەکان کراوە بەهاوبەشى هەردوولا و ئەوەش بەگرتنەبەرى چەند ڕێوشوێنێک لەوانە کامێراى شەوبین کە دەکەوێتە ناوچەى بەرپرسیارێتى لیواى سێى فەرماندەیی لەناوچە سنورییەکانى سلێمانى و هەڵەبجە.  
    غانمى جەختى لەسەر ئەوەش کردووەتەوە"سوپاى پاسەوانى سنورى هەرێم ڕۆڵى باشى هەبووە لە تێکشکاندنى داعش و بەرەنگاربوونەوەى تاواندا".
    لاى خۆشیەوە شاندى کوردى، سوپاسى وەزیرى ناوخۆى عێراقیان کردووە بۆ پاڵپشتى کردنى چەسپاندنى دۆخى ئۆقرەیى و پەیوەندى بەردەوامى لەگەڵ دەزگا ئەمنییە جیاوازەکانى ناوچەکاندا.