ته‌ندروستی هه‌رێم:رێژه‌ی به‌كارهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنا 130 هه‌زار كه‌سى به‌زاندووه‌ و هه‌ماهه‌نگییه‌كی زۆر باڵامان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فیدڕاڵ

ناوخۆ
  • 14-06-2021, 19:22
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان رێژه‌ی به‌كارهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنای ئاشكراكرد و رایگه‌یاند،  هه‌ماهه‌نگییه‌كی زۆر باڵای هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فیدڕاڵ بۆئه‌وه‌ی پشكی هه‌رێم له‌ ڤاكسین به‌بێ دواكه‌وتن ره‌وانه‌ بكرێت.
    دكتۆر سامان به‌رزنجی وه‌زیری ته‌ندروستی هه‌رێم له‌په‌راوێزى ئاهه‌نگى ڕۆژى جیهانى خوێن به‌خشین به‌ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)رایگه‌یاند، زیاتر له‌ 3%ی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان ڤاكسینی كۆرۆنایان وه‌رگرتوه‌ كه‌ ده‌گاته‌ نزیكه‌ی 130.000 (سه‌د و سی هه‌زار) كه‌س. 
    وتیشی، "ته‌ندروستی هه‌رێم هه‌ماهه‌نگییه‌كی زۆر باڵای هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فیدڕاڵ، جگه‌ له‌وه‌ش رۆژانه‌ له‌په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامدان له‌سه‌ر وه‌رگرتنی پشكی هه‌رێم له‌ ڤاكسینی كۆرۆنا، ئه‌و رێژه‌ ڤاكسینه‌ی كه‌ له‌ عێراقیش وه‌رگیراوه‌ به‌گوێره‌ی خواستی ئێمه‌ نیه‌ و به‌شی هه‌مو هاوڵاتیانی عێراق ناكات".
    ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هه‌رێم پێویستی به‌ بڕێكی زۆر له‌ ڤاكسینی فایزه‌ر هه‌یه‌ به‌هۆی زۆری داواكاری هاوڵاتیان له‌كاتی تۆماركردنی ئه‌لیكترۆنیدا له‌سه‌ر ئه‌و جۆره‌ ڤاكسینه‌، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا یه‌ك سه‌نته‌ر هه‌یه‌ بۆ دابه‌شكردنی ڤاكسینی فایزه‌ر و كۆی گشتی سه‌نته‌ره‌كانیش هه‌شت سه‌نته‌رن".
    دكتۆر سامان به‌رزنجی ئاشكراشیكرد، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فیدڕاڵی به‌ڵێنیداوه‌ كه‌ هه‌ر كات ڤاكسینی نوێ بگاته‌ عێراق ژماره‌ی ناوه‌نده‌كانی دابه‌شكردنی ڤاكسین زیاد بكات، به‌ خێرایی و به‌ ئاسانی پشكی هه‌رێمیش ڕه‌وانه‌ ده‌كرێت و هیچ دواخستنێك رونادات".
    پێشتر وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق رایگه‌یاندبو، گرێبه‌ستیان كردوه‌ به‌مه‌به‌ستی كڕینی 12.000.000 (دوازده‌ ملیۆن) به‌شه‌ ڤاكسینی جۆری فایزه‌ر و بڕیاریشه‌ تا كۆتایی ئه‌مساڵ بگاته‌ عێراق.